کۆچبەرانی نوێ لە نەرویج

پرۆگرامی ئامادەکردن

 


بۆ باشترکردنی دەرفەتەکان بۆ کۆچبەرە تازەهاتووەکان بۆ نەرویج، پڕۆگرامێکی ئامادەکردن هەیە. ئامانج لە پرۆگرامی ئامادەکردن ئەوەیە کە کەسانی تازەهاتوو بە کۆمەڵگەی نەرویجی ئاشنابکرێن و شارەوانی بەرپرسیارە لە پرۆگرامەکە.

پرۆگرامی ئامادەکردن دەبێت دەرفەتی بەشداریکردنی کۆچبەران لە ژیانی کار و کۆمەڵگەدا بەهێز بکات. ئامانجەکە ئەوەیە کە کۆچبەران لەڕووی ئابوورییەوە زیاتر سەربەخۆبن.

هەندێ لە کۆچەران ماف و ئەرکی ئەوەیان هەیە لە پرۆگرامی ئامادەکردندا بەشداری بکەن، بەڵام نەک هەموویان. ئەمە پەیوەستە بە جۆری ئەو مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونەی هەر یەکێکیان هەیەتی.

ئەم گرووپانەی خوارەوە ماف و ئەرکی ئەوەیان هەیە لە پرۆگرامی ئامادەکردندا بەشداری بکەن:

  • پەنابەران
  • ئەو کەسانەی کە لە سەر بنەمای ئینسانی مافی مانەوەیان وەرگرتووە.
  • ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی یەکگرتنەوەی خێزانەوە هاتوون لەگەڵ یەکێک لەو دوو گرووپەی سەروەدا.
  • ئەو کەسانەی کە خۆیان ڕاستەوخۆ مافی مانەوە وەردەگرن ئەویش بەهۆی ئەوەی کە کەسەکە خۆی، یان منداڵیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان یان تووندوتیژی بوونەتەوە لە ژیانی هاوسەرگیری و خێزانییاندا یان بەهۆی هاوسەرگیریی بەزۆرەملێ یاخود بەهۆی ئەوەی کە پاش جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بەهۆی دۆخی کۆمەڵایەتی و کولتورییەوە ناتوانێت بۆ وڵاتەکەی خۆی بگەڕێتەوە.

ڕاستیەکان

ئامانجەکانی بەرنامەی ئاشناکردن ئەمانەن:

  • بەشداریکردنی زیاتری کۆچەران لە بازاڕی کار و کۆمەڵگا دا
  • سەربەخۆیی زیاتری کۆچەران لە ڕووی داراییەوە
  • فێربوونی شارەزاییە بنەڕەتیەکانی زمانی نەرویژی
  • فێربوونی زانیاریی بنەڕەتی لەبارەی کۆمەڵگای نەرویژ