کۆچبەرانی نوێ لە نەرویج

چۆن خۆت جێگیر دەکەیت و چالاکانە لە ژیانی کار و کۆمەڵگەدا بەشداری دەکەیت؟

کارگوزاری کۆگا کارگوزاری دوکان و مارکێت

بۆ کەسێک کە تازە هاتۆتە نەرویج کۆمەڵێک شتی زۆر هەن کە بۆی نوێ و نامۆن. بۆ خودی کەسی کۆچبەر و بۆ کۆمەڵگەش گرنگە کە بەزوویی رێگەی خۆیان بدۆزنەوە و بکەونە سەرپێ و وردە وردە هەست بە پەیوەستی بکەن بە کۆمەڵگەی نەرویجییەوە.

گرنگترین شت کە کەسێک دەتوانیت بیکات، ئەوەیە کە زمانی نەرویجی فێر بێت. مرڤ بە زۆر شێوە و ڕێگەی جیاواز فێری زمان دەبێت. خەڵکێکی زۆر سوود لە چوون بۆ کۆرسی زمان دەبینن. هەروەها گرنگیشە کە ڕووبکرێتە ئەو شوێنانەی کە زمانیان تێدا بەکاردەهێنرێت. دەشێت لە شوێنی کارکردن بێت، لە چالاکی ڕێکخراوی کاتی پشوو و دەستبەتاڵیی بێت یان لە ژیانی تایبەتیدا. هەندێک کەس لە ڕێگەی تەماشاکردنی بەرنامەی منداڵانەوە، هەواڵەکان یان ئەو پڕۆگرامە تەلەفزیۆنییانەی کە ژێرنووس کراون شتێکی زۆر فێردەبن.

لە خوێندنی زمانی نەرویجیدا دەتوانرێت هەلی پراکتیزەی زمان بڕەخسێنرێت. ئەمە هاوکات لەپاڵ خوێندنی زمان لەناو پۆلدا. لە کاتی پراکتیزەکردنی زماندا دەرفەتی ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی زمانی نەرویجی بۆ بەشداران لە شوێنی کارکردن دەڕەخسێندرێت. لەڕێی پراکتیزەکردنی زمانەوە بەشداران دەتوانن هەم فێری زمان بن و هەم بە خەڵکانی دیکە ئاشنابن.

ئەوەی دەیەوێت لە نەرویج ببێتە خاوەنی کار، دەبێت کەسەکە خۆی چالاک بێت. گرنگە کە فێری زمان بیت و پەیوەندیت لەگەڵ خەڵکانی تردا هەبێت، و گرنگیشە کە ئەزموونی کار پەیدا بکەیت. هەندێک کەس دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێندرێت کە لە دەزگایەکدا یان کارگەیەکدا پراکتیزەی کار بکەن. پراکتیزەکردنی کار و شوێنەکەی لەلایەن ناڤەوە دیاری دەکرێت و ڕێکدەخرێت.

ئەو کەسانەی خاوەن بەهرە و توانایەکن کە لە وڵاتێکی ترەوە بەدەستیان هێناوە، دەتوانن لە نەرویج داوای قەبووڵکردن و هاوتاکردنی تواناکانیان بکەن. چەندین ڕێگە و شێوەی جیاواز هەن بۆ هاوتاکردن و قەبووڵکردنی بڕوانامە و کاغەزی کار و خوێندن هەن. زانیاریی زیاتر لێرەدا دەبینیتەوە: http://www.nokut.no www.nokut.no.

تەنها لە ڕێگای کارکردنەوە مرۆڤ ناتوانێت ببێتە کەسێکی چالاکی بەشدار لە کۆمەڵگەدا. ڕێکخراوێکی زۆری خۆبەخش، یانەی وەرزشی و سیاسی یان ڕێکخراوی ئاینی هەن، کە مرۆڤ دەتوانێت بەشدارییان تێدا بکات. ئەمە ڕەنگە ڕێگەیەکی باش بێت بۆ ناسینی خەڵکانی تر، بەکارهێنانی زمان و بەکارهێنانی توانا و ئارەزووەکان.

ئەوانەی لە نەرویجدا منداڵیان هەیە، دەرفەتێکی باشتریان هەیە بۆ پەیوەندیگرتن بە خەڵکانی ترەوە. ڕۆژانەی منداڵ پڕە لە چالاکی جۆراوجۆر. کاتێک دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەشداری چالاکییەکانی کاتی دەستبەتاڵییان دەکەن، کاتێک دەیانبەن بۆ ڕاهێنان و وەرزشکردن یان بەشداری دەکەن لە کۆبوونەوەی دایکان و باوکاندا، چاویان بە دایک و باوکی تر دەکەوێت. نەرویجییەکان کاتێک ماڵیان دەگوازنەوە بۆ شوێنی تر، بۆ دۆزینەوەی هاوڕێی نوێ و بەستنی پەیوەندی سوود لە هەمان ئەو دەرفەت و ڕێبازانە وەردەگرن. بێگومان بە هەمان شێوە کۆچبەرانیش دەتوانن ئەو هەنگاوانە بنێن. لەو شوێنانە مرۆڤ دەتوانێت بە نەرویجی قسە بکات و بە خەڵکانی تر ئاشنا ببێت.

ڕاستیەکان

بەرنامەی تەمرینی زمان لە شوێنی کار ئەمانە دابین دەکات:

  • فێرکردن و ڕاهێنانی زمانی
  • تەجروبەی کاریی بەنرخ
  • کەسانی پشتیوانی بەسوود
  • دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر

ئایا لە نەرویژ منداڵت هەیە؟ ئایا منداڵەکانت لە چالاکییە جیاوازەکانی دوای خوێندن بەشداری دەکەن؟ لە منداڵەکەت فێر ببە و لەو دەرفتە کەڵک وەربگرە بۆ ئاشنابوون لەگەڵ کەسانی نوێ!