دیمکراتی و کۆمه‌ڵگای ئاسووده

مافەکان و ئازادییەکان لە ولاتێکی دیموکرات دا

خۆپیشاندانی سیاسییانە
نەرویج وڵاتێکی دیموکراتییە. وشەی دیموکراتی لە بنەڕەتدا یۆنانییە و بەمانای حوکمی گەل (واتە دەسەڵاتی خەڵک) دێت. لە نەرویج خەڵک سیاسەت بەڕێوە دەبەن لە ڕێگای هەڵبژاردنی پارتی سیاسی و نوێنەرانیان بۆ پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگە و ئەنجومەنی شارەوانی. بەم شێوەیە زۆرینە بڕیار دەدات. بەڵام بنەمایەکی گرنگ ئەوەیە کە دەبێت لەکاتی پلاندانان و داڕشتنی سیاسەتەکان زۆرینە بیروبۆچونەکانی کەمینە لەبەرچاو بگرن.

لە سیستمی دیموکراتیدا دانیشتووان کۆمەڵێک ماف و ئازادییان هەیە:

مافی مرۆڤ

چەند کەسێک لەسەر کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت هاوسەری هاوڕەگەزخواز ژنانی بەساڵداچوو لە گەڕان و پیاسەدا منداڵ

ئەو باوە کە دەستەواژەی یەکسانی باس لەوە دەکات کە ژنان و پیاوان هەمان ماف و هەمان دەرفەتیان هەبێت. لە ئیستادا ئەم دەستەواژەیە مانایەکی فراوانتری هەیە: دەبێت مرۆڤ بێ گوێدان بە تەمەن، نەژاد، توانای جەستەیی، ڕەگەز، ئاین، بژاردەی سێکسی هەمان ماف و دەرفەتیان هەبێت.

لە یەکسانی مەبەست ئەوەشە کە دەرفەتی یەکسان هەبێت لە کاریگەری و کارتێکردن، وە بەرپرسیاریەتی و لێپرسراویەتی بەشێوەیەکی یەکسان دابەش بێت، و مرۆڤ هەست بە دڵنیایی بکات لەوەی کە تووشی دەستدرێژی نابێت.

ئازادی ڕادەڕبڕین

ئازادی ڕادەڕبڕین بە واتای ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت بە ئازادانە بیروڕا و بۆچوونە سیاسی و ئاینییەکانی خۆی دەربڕێت، هەروەها مرۆڤ بتوانێت بە ئازادانە گفتوگۆ لە گەڵ کەسانی تردا بکات، و بتوانێت بە ئازادانە بیروڕاکانی خۆی بنووسێت بێ ئەوەی لەسەر ئەوە سزا بدرێت.

ەهەمان کات سنورێک هەیە لە نێوان ئەوەی مرۆڤ بە ئازادی قسەبکات و بنووسێت لەگەڵ ئەوەی کە بە ناشیرینی قسە لەسەر خەڵکانی تر بکرێت. بۆیە ئێمە کۆمەڵێک یاسامان هەیە کە سنوور بۆ ئازادی ڕادەربڕین دادەنێت. بۆ نموونە ڕێگەپێدراو نییە کە بیروڕای ڕەگەزپەرستانە و ڕقاوییانە بەوانی تر بڵێیت جا چ بەنووسین بێت یان بە زارەکی بێت.

ئازادی ڕادەربڕین هەم بۆ خەڵکی سیڤیل و هەم بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەیە.

سەروەری یاسا

دانیشتووانی نەرویج بە باشی لە ژێر سەوەری یاسادا پارێزراون. ئەمەش بە مانای ئەمانە دێت:

  • بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردن هیچ کەس سزای بەندکردنی بەسەردا ناسەپێندرێت. پڕۆسەی دادگاییکردن بریتییە لەوەی کە دادوەری بێلایەن بڕیاردەدات کە کەسە دەستگیرکراوەکە تاوانبارە یان نا، وە ئەگەر دەرکەوت کەسە دەستگیرکراوەکە تاوانبارە دادوەری بێلایەن بڕیار دەدات چ جۆرە سزایەک گونجاوە کە بدرێت. لەگەڵ ئەوەش پۆلیس دەتوانێت خەڵک دەستگیر بکات پێش پرۆسەی دادگاییکردن، ئەمەش لەکاتێکدا دەبێت کە پۆلیس لێکۆڵینەوە لەدۆسیەیەکی تاوانکاریدا دەکات.
  • هەموو دەستگیرکراوێک مافی هەبوونی پارێزەری هەیە.
  • دادگاکان بێلایەنن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئەوان کاتێک کار لەگەڵ بابەتێکی دیاریکراودا دەکەن نابێت بکەونە ژێر کاریگەری سیاسییەکان، دەزگای ڕاگەیاندن یان کەسانی تر. نە پەرلەمان و نە حکومەت و نە دەسەڵاتەکانی تر ناتوانن دەست بخەنە ناو بڕیارەکانی دادگا
  • هیچ یاسایەک هەڵناوەشیندرێتەوە. ئەمە بەو مانایە دێت کە یاسا لەو کاتەدا کە کەسێک شتێک دەکات دەخوات، واتە لە کاتی پرسی تاوانبارکردنەکەدا چ یاسایەک هەبوو کەسەکە بەو یاسایە سزا دەدرێت یان بێبەری دەکرێت.

ئازادی ئاین و باوەڕ

ئازادی ئاین و باوەڕ بە مانای ئەوە دێت کە مرۆڤ ئازادە لە هەڵبژاردنی ئاین یان باوەڕە هیومانیستییەکان (مرۆڤگەراییەکان)، و پەیڕەوکردن و پڕاکتیزەکردنی ئاین یان باوەڕە هیومانیستییەکانی خۆی. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە کە کەسانی تر ناچار بکات کە بچێتە ناو یان دەرەوە لە گروپێک یان کۆمەڵەیەکی ئاینی. کە مرۆڤ تەمەنی دەبێتە ١٥ (پانزە) ساڵ ئیتر کەسەکە خۆی مافی هەیە کە بچێتە دەرەوە یان ناوەوەی کۆمەڵەیەکی ئاینی و باوەڕە هیومانیستییەکان. هیچ کەس نابێت بەهۆی پابەندبوونی بە باوەڕی ئاینییەوە ڕاوەدوونرێت یان سزابدرێت.

چۆن گرنگە کە مرۆڤ خۆی ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ئاین/ باوەڕە مرۆییەکان بۆ خۆی، بە هەمان شێوەش گرنگە کە هەمان ئازادیمان هەبێت بۆ ئەوەی کە سەر بەهیچ ئاینی/ باوەڕە مرۆییەکان نەبین.

ئازادی ڕێکخراوەیی

ئازادی ڕێکخراوەیی بەمانای گەلێک شت دێت. ئەمانە هەندێکن لە گرنگترینیان:

  • مرۆڤ مافی هەیە کە ئەندام بێت لە پارتی سیاسی یان ئەو ڕێکخراوانەی کە لەگەڵ ئارەزووەکانیدا بگونجێت بێ ئەوەی ڕووبەڕوی مەترسی و ڕاوەدونان و سزا ببێتەوە.
  • مرۆڤ مافی هەیە کە ئەندام بێت لە ڕێکخراوە پیشەییەکان بێ ئەوەی ڕووبەڕوی ڕاوەدونان و سزا ببێتەوە. هەروەها لە هەندێ بارودۆخدا مرۆڤ مافی مانگرتنیشی هەیە.
  • مرۆڤ مافی هەیە لە ڕێگای خۆپێشاندانی یاساییەوە بیروبۆچوونەکانی دەرببڕێت.

ڕاستیەکان

مافی دەنگدان

  • تەمەنی دەنگدان لە نەرویژ 18 ساڵە.
  • بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتی، پێویستە تۆ هاووڵاتیی نەرویژ بیت.
  • بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوچە یان ئەنجومەنی شار، پێویستە بۆ ماوەی لانیکەم سێ ساڵ بەرلە هەڵبژاردن لە نەرویژ ژیابێتی.
  • بنەمای جیابوونی دەسەڵاتەکان لە یەکتر

بەندی نژادپەرستی (بەندی ژمارە 185 لە یاسای سزادان)

“هەرکەسێک بە ئەنقەست یان زۆر بە کەمتەرخەمی و بە ئاشکرا قسە و دەربڕینی جیاوازیکەرانە یان ڕقاوی بەکاربهێنێت، بە پارە یان بە بەندکردن تا سێ ساڵ سزا دەدرێت. هەروەها بەکارهێنانی هێما (سیمبول)یش وەک دەربڕین هەژمار دەکرێت. بە هەمان شێوە، بەشداریکردنیش لە کاری وادا دەبێتە مایەی سزادان. بەپێی بەشی دووهەم لەو بەندە یاساییە هەرکەسێک لەبەرچاوی کەسانی تردا بە مەبەست یان کەمتەرخەمی و گوێنەدانی زۆرەوە وتەی ڕەگەزپەرستانەی لەو جۆرە بە کەسی دیکە بڵێت، ئەوا بە پارە یان بەندکردن بۆ ماوەی تا یەک ساڵ سزا دەدرێت.
مەبەست لە وتە و دەربڕینی جیاوازیکەرانە یان ڕقاویدا هەڕەشەکردن یان سووکایەتیکردن بە کەسانی دیکەیە، یان خستنەوەی ڕق و کینە، ئەشکەنجەدان یان بە چاوی ناشرین ڕوانینە کەسانێک بەهۆی:
ا- ڕەنگی پێست یان نەتەوە یان بنەچەی ڕەگەزییەوە (ئێتنیک)،
ب- ئاین یان ژیانبینی هیومانیستانە،
ج- هۆمۆفیلی (هاوڕەگەزخوازی)، یان،
ت- کەمئەندامی و خاوەن پێداویستی تایبەت.

    مادەی ڕەگەزپەرستی زۆر جێی ناکۆکییە. هەندێ کەس هەن کە دەیانەوێت ئەم مادە لاببرێت چونکە پێیان وایە دژی ئازادیی ڕادەربڕینە. ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵک بە هۆی ئەم تاوانە سزا دراون.

    22ی جولای 2011

    22ی جولای 2011 ڕۆژێکی زۆر هەستیارە لە مێژووی مۆدێڕنی نەرویژ دا. لەم ڕۆژە دا بوو کە نەرویژ ڕووبەڕووی کردارێکی ترۆریستی بووەوە. بە هۆی بۆمبێک لە لە شوێنێکی حکوومی لە ئۆسلۆ تەقییەوە هەشت کەس کوژران و لە کەمپێکی سیاسیی هاوینەی گەنجان لە دوورگەی ئۆتۆیا 69 کەس درانە بەر گوللە و کوژران. لەم هێرشەدا هەروەها زۆر کەس بریندار بوون. یەک تاوانبار لە پشتی هردوو هێرشەکە بوو.