مێژوو، جوگرافیا و شێوازی ژیان

کەش‌وهەوا

نەرویج چوار وەرزی هەیە: بەهار، هاوین، پایز و زستان.

ئاووهەوای نەرویج لە بەشێکی وڵاتەوە بۆ بەشێکی تر جیاوازە. هەروەها دەشێت کە لە ناو هەمان ناوچە و بەشی وڵاتیشدا جیاوازیی زۆر هەبێت، وە ڕەنگە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر جیاوازیی زۆر هەبێت. بەگشتی دەتوانین بڵێین، کە ناوچە کەنارییەکان زستانی مامناوەند و بەفریان کەمە، بەڵام ناوچەکانی ناوەوەی وڵات زستانی سارد و بەفری زۆریان هەیە. لە لایەکی ترەوە، هاوینی ئەم ناوچانە زۆرجار گەرم و وشکن. لە هەرێمی ڕۆژئاوای نەرویج (Vestlandet) لەچاو ڕۆژهەڵاتی وڵات (Østlandet) بارانێکی زۆرتری لێ دەبارێت. لە ناوچەکانی کەناردەریا زۆرکات، بە تایبەت لە وەرزی پایزدا بایەکی زۆر هەڵدەکات.

هەروەها ڕێژەی ڕووناکی ڕۆژ تا ڕادەیەکی زۆر لە نێوان ناوچەکانی باکوور و باشووردا جیاوازییان هەیە. لە وەرزی زستان، تا لە باکووری نەرویج نزیک بیتەوە، ڕۆژ کورتتر دەبێتەوە. لە هامەرفێست، کە باکووریترین شاری ئەوروپایە لەسەر خاکی وشکایی، دەوروبەری دوومانگ لە وەرزی زستاندا تاریکە. لەم ماوەیەدا، هیچ خۆرەتاوێک نییە. بەڵام لە هاویندا تەواو بە پێچەوانەوەیە. لەو وەرزەدا، لە نیوەی شەودا خۆرەتاوە، کە پێی دەوترێت خۆری نیوەشەو (Midnattssol).

خۆرەتاوی نیوەشەو

لە باشووری وڵاتیش جیاوازی زۆر لە نێوان درێژی و کورتی ڕۆژەکانی زستان و هاویندا هەیە. بەڵام لە ناوچەکانی باشوور نە تاریکیی بەردەوام و نە خۆرەتاوی نیوەشەو بوونیان نییە.

ئەو مەداری جەمسەرییەی کە کەمێک دەکەوێتە باکوری مو ئی رانا (Mo i Rana)وە، دەبێتە سنووری جیاکەرەوەی ئەو ناوچانەی کاتی تاریکی و خۆرەتاوی نیوەشەویان تێدا ڕوودەدات..

ڕاستیەکان

پلەی گەرمی

بەرزترین پلەی گەرما کە تا ئێستا لە نەرویژ ئەندازە گیراوە 35.6 پلەی سەدییە (نێسبیەن، 20ی جولای 1970)

نزمترین پلەی سەرما کە تا ئێستا لە نەرویژ ئەندازە گیراوە -51.4 پلەی سەدییە (کاراسیۆک، 1 ژانوییەری 1886)

تەوژمە ئارامەکانی دەریا

هەرچەند نەرویژ لە باکووری دووری زەمین هەڵکەوتووە، ئاو و هەوای زۆر ئارامترە لە شوێنە باکورییەکانی تری جیهان. ئەمە لەبەر تەوژمە ئارامەکانی دەریایە کە لە کەنداوی مێکزیک لە ئەمریکای ناوەڕاست بەرەوە باکوور دێت و دەگاتە کەنارەکانی نەرویژ و دەبێتە هۆی گەرمبوونی هەوا.