مێژوو، جوگرافیا و شێوازی ژیان

نەریتەکان/ڕێوڕەسمەکان و ڕۆژانی پشو

بۆنە و ساڵگەردەکان

ڕۆژی یەکەمی سەری ساڵی نوێ
سەرەتای ساڵ بە مانگی جەنیوەر دەست پێدەکات. ئێمە بە یەکەم ڕۆژی جەنیوەر دەڵێین ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێ. لەم ڕۆژەدا زۆربەی دوکان و فرۆشگەکان دادەخرێن، خەڵکێکی زۆر لەم ڕۆژەدا ناچنە سەر کار، و منداڵانیش ناچنەوە بۆ قوتابخانە.

ڕۆژی ژنان
٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانە. لە ساڵانی١٩٧٠دا، خەڵکانێکی زۆر بۆ یەکسانی و مافەکانی ژنان کەوتنە چالاکی، وە لە ساڵی ١٩٧٢ـەوە هەموو ساڵێک ڕۆژی ژنان لە نەرویج یادی دەکرێتەوە. ٨ی مارس ڕۆژێکی پشووی گشتیی نییە.

جەژنی پاک(Påske)
پشووی جەژنی پاک (Påske) دەکەوێتە مانگی مارس یان ئاپریلەوە. کاتی ئەم بۆنەیە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێت. جەژنی پاک بۆنەیەکی ئاینیی کریستیان (مەسیحی)یە. بەڵام لای زۆربەی خەڵک جەژنی پاک تەنها پەیوەندیی بە لاینەی ئاینییەوە نییە، بەڵکوو تەنیا چەند ڕۆژێکی زیادەی پشووکردنە لەپاش زستانێکی دورودرێژ.

ڕۆژەکانی پێنجشەممەی ئەشکەنجە و قوربانی، هەینیی درێژ و ڕۆژی یەکەمی جەژنی پاک ڕۆژانی پیرۆزن. دوکان و فرۆشگەکان دادەخرێن و زۆرکەس لەو ڕۆژانەدا پشوویانە. لە ماوەی جەژنی پاکدا منداڵان ناچن بۆ قوتابخانە و زۆرێک لە کارمەندان پشووی ئاسایی ساڵانەی خۆشیان یان بەشێکی لەپاڵ ڕۆژانی پشووی بۆنەکان وەردەگرن.

ڕۆژی هەڵکشانەوەی عیسا و جەژنی پەنجا (Pinse)
چل ڕۆژ دوای جەژنی پاک بۆنەیەکی تر دێتە پێشێ کە ڕۆژی هەڵکشانەوەی عیسایە (یەسووس) و پەنجا ڕۆژیش دوای جەژنی پاک بۆنەی جەژنی پەنجایە کە بە نەوریجی پێێ دەڵێن پینسە (Pinse). هەردوو ڕۆژەکە بۆنەی کریستیانن. ڕۆژی هەڵکشانەوەی عیسا و دووهەم ڕۆژی جەژنی پەنجاش پشووی گشتین.

ڕۆژی کرێکاران
ڕۆژی کرێکار، یان ١ی مای، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە. لەم ڕۆژە دا، کەسانێکی زۆر ڕێپێوان دەکەن و ئەو پرس و بابەتە سیاسییانەی کە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە دەخەنە ڕوو. ڕۆژی ١ی مای ڕۆژێکی پشووی گشتییە.

ڕۆژی نیشتیمانی
17.mai 17.mai 17.mai

١٧ی مای ڕۆژی نیشتیمانیی نەرویجە. ئەو ڕۆژەیە کە بەبۆنەی نووسینەوەی دەستوور لە ١٧ی مای ١٨١٤، ئاهەنگ دەگێڕین.

لە ١٧ی مای بە پلەی یەکەم ڕۆژی منداڵانە. لەم ڕۆژە دا منداڵان تەقریبەن لە سەرجەم باخچەی منداڵان و قوتابخانە سەرەتاییەکان ڕێپێوان دەکەن، ئاڵای نەرویج دەشەکێننەوە و گۆرانی دەڵێن و زۆربەیان جلی تایبەت لەبەر دەکەن. لە ڕێپێوانەکە دا گرووپی مووزیکی کە پێێان دەوترێت بە (musikkorps) بە پۆشاکی فەرمی و یەکڕەنگەوە بەشداردەبن. گەلێک منداڵ بە ژەنینی موزیک هاوبەشی لەم کرۆپسانەدا دەکەن.

لە ١٧ی مای، منداڵان ڕێگەیان پێ دەدرێت چەندی دەیانەوێت ساردەمەنی و سۆسج (Pølse) بخۆن. منداڵان لە نەوریج بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەم ڕۆژەن. ١٧ی مای پشوویەکی گشتییە.

یول (کریسمس)

لە مانگی دێسەمبەردا زۆربەی خەڵک لە نەرویج جەژنی کریسمس دەگێڕن. کریسمس جەژنێکی کریستیانە (مەسیحی) کە بۆ یادی لەدایکبوونی عیسا دەکرێت. کریسمس و جەژنی کریسمس بۆتە نەریتێکی کۆمەڵایەتی و لای زۆربەی خەڵک گرنگە. کریسمس لە سەروی هەموو شتێکەوە جەژنێکی خێزانییە.

کریسمس دەکەوێتە تاریکترین کاتی ساڵەوە، کاتێ کە سەرما و تاریکی لە ئەوپەڕیدایە لە دەرەوەی ماڵەکان لای زۆر کەس ئەم جەژنە بە واتای ڕووناکی و گەرمی دێت. لە ڕۆژگاری زوودا پێش ئەو کاتەش کە نەرویج ببێتە وڵاتێکی کریستیانی، شتێکی ئاسایی بوو کە لەم کاتانەی ساڵدا ئاهەنگی گەورە بگێڕدرێت- ڕەنگە زیاتر بۆ ئەوە بووبێت کە تاریکی ڕووناک بکەنەوە.

بە ٢٤ی دێسەمبەر دەڵێین ئێوارەی کریسمس. هەربۆیە ئاساییە کە لەگەڵ خێزاندا پێکەوە خواردنی نەریتیی ئێوارەی کریسمس پێکەوە بخۆین. لە بەشە جیاجیاکانی وڵاتدا نەریتی جیاواز هەن. زۆربەی خەڵک نەریت و ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە و لایان گرنگە کە پابەندبن پێیانەوە. شتێکی ئاسایی و باوە کە ئێوارەی کریسمس باو دیاری بە یەکتری بدرێت.

لە ماوەی بەرلە کریسمس زۆر کەس کارتی پیرۆزبایی، ئیمەیل یان لە ڕێی مۆبایلەکانیانەوە پەیام بۆ هاوڕێیان و ئەندامانی خێزانی خۆیان دەنێرن و ئومێدی بەسەربردنی کریسمسێکی خۆشیان بۆ دەخوازن. منداڵانی قوتابخانە لە ماوەی کریسمسدا ناچن بۆ قوتابخانە و زۆرێک لە کارمەدان پشووی ساڵانەیان لەم کاتانەدا وەردەگرن. لە بۆنەی کریسمسدا دوکان و بازاڕ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دادەخرێن.

شەوی سەری ساڵ
یاری ئاگرین

لە ٣١ی دێسەمبەر زۆر کەس لەگەڵ خێزان و هاوڕێیانیان جەژنی سەری ساڵی تازە دەگێڕن. لەم ڕۆژە دا هەڵدانی یاری ئاگرین باوە. هەمیشە لە کاتی نیوەشەودا دیمەنێکی نایابە کە دەبینی ئاسمانی تاریک بە یارییر ئاگرینەکان ئاسمانی تاریک ڕووناک دەکەنەوە. ڕۆژی پێش سەری ساڵی تازە ڕۆژێکی پشووی گشتی نییە.

هەندێک نەریت و بۆنە کە لە ساڵنامەدا نین

ڕۆژی لەدایکبوون
ئاهەنەگێکی لەدایکبوونی منداڵ کە فوو لە مۆمی سەر کێک دەکرێت

ئاهەنەگی یادی لەدایکبوون دیاردەیەکی ئاساییە کە بگێردرێت، بەتایبەتی بۆ منداڵان. لەپاڵ ئاهەنگی یادەکە لەناو خێزاندا پێکەوە، ئەوا زۆرجار هاوڕێیانی منداڵەکە لە باخچەی منداڵان یان قوتابخانە بۆ ئاهەنەگی ڕۆژی لەدایکبوون بانگهێشت دەکرێن.

زۆربەی کات ئاهەنگی لەدایکبوون هەر لە ماڵی منداڵەکە بەڕێوە دەچێت، بەڵام هەندێک کەس لە شوێنێکی تر وەکوو ڕێستۆرانتێکی پیتزا، هۆڵێکی مەلەوانی یان شوێنێکی چالاکیی منداڵان بەڕێوە دەچێت. میوانەکان هەر یەکە و لەگەڵ خۆیدا دیارییەکی بچووک دەهێنێت.

زەماوەندی هاوسەری
بووک و زاوایەک

ساڵانە نزیکەی ٢٣٠٠٠ جووتە کەس لە نەرویج هاوسەرگیری دەکەن. هەندێک لەوانە لە کڵیسە و ئەوانی تر لە فەرمانگەی گشتی هاوسەرگیری دەکەن. هەروەها کەسانی هاوڕەگەز دەتوانن پێکەوە هاوسەرگیری بکەن.

زۆربەی ئەوانەی کە هاوسەرگیری دەکەن، لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێیانی خۆیان ئاهەنگ دەگێڕن. دیاردەیەکی ئاساییە کە میوانانی ئاهەنگەکە و کەسانی دیکە کە بووک و زاوا دەناسن یان خێزانەکانیان دەناسن، دیارییان پێشکەش بکەن.

تەعمید
ساڵانە نزیکەی ٦٠٠٠٠ (شەست هەزار) منداڵ لە نەرویج لەدایک دەبن. لە نێوان پەنجا و شەست لە سەدی ئەم منداڵانە کە هێشتا ساوان لە کڵیسە تەعمید دەکرێن. کاتێک کە منداڵەکە تەعمید دەکرێت، دەبێتە ئەندامی کڵیسە. باوک و دایک بڕیار دەدەن کە منداڵەکەیان تەعمید بکرێت یان نا.

کاتێک کە منداڵێک تەعمید دەکرێت، زۆربەی کات خێزان ئاهەنگێکی گەورە دەگێڕن و منداڵەکە دیاری وەردەگرێت. ئەو منداڵانەی کە تەعمید ناکرێن، زۆرجار لەناو خێزاندا ئاهەنگێکی نائایینییان بۆ دەگێڕدرێت. هەندێک لەوانە لە ئاهەنگێکی ناونانی هیومانیستییانە (مرۆڤدۆستی)ی ڕێکخراودا بەشداری دەکەن، لە کاتێکدا هەندێکی تر ئاهەنگێکی تایبەتییانە دەگێڕن.

کۆنفیرماشۆن (پەسەندکردن)

کاتێ کە مێردمنداڵان دەگەنە تەمەنی ١٤ و ١٥ ساڵی، دەتوانن بڕیار بدەن کە خۆیان کۆنفیرماشیۆن بکەن. کۆنفیرماشۆن کردن لە کڵێسا بە مانای ئەوە دێت کە دەیانەوێت درێژە بدەن بە ئەندامبوون لە کڵێسە. کۆنفیرماشۆن جۆرێک لە جەختکردنەوەیە لە تەعمیدکردن.

لەم دەساڵانەی دواییدا کۆنفیرماشۆنی ئینسانیانە (هومانیستی) زیاتر و زیاتر پەرەی سەندووە لە کۆمەڵگەدا، ئەوەش وەک ئەلتەرناتیڤێکە بۆ ئەوانەی نایانەوێت لە کڵێسادا کۆنفیرماشۆن بکەن.
لە ماوەی بەرلە کۆنفیرماشۆن، مێردمنداڵان دەچن بۆ کۆرسێکی خۆئامادەکردن لە کڵێسا یان لە ڕێکخراوێکی باوەرهیومانیستییانەدا. لە کۆرسی کۆنفورماسیۆنی کڵێساییدا مێردمنداڵەکان زانیاری سەبارەت بە ئایینی کریستیان وەردەگرن و سەبارەت بە پرسیارگەلی ئێتیکی و مۆراڵی گفتوگۆ دەکەن. لە کۆرسی کۆنفیرماشۆنی هیومانیزمی نائایینیدا، مێردمنداڵان سەبارەت بە مرۆڤدۆستی زانیاری وەردەگرن وە سەبارەت بە ژیانبینی مرۆڤایەتییانە، ئێتیک و مۆراڵ گفتوگۆ دەکەن.

دوای ئەوەی مێردمنداڵەکە کۆنفیرماشۆن کرا، خێزانەکەیان ئاهەنگێکی گەورە ڕێکدەخەن و مێردمنداڵەکە دیاری وەردەگرێت. نزیکەی ٦٠ لە سەدی مێردمنداڵان لە کڵێسە کۆنفیرماشۆن دەکەن. وە نزیکەی بیست لە سەدیان کۆنفیرماشۆنی هیومانیستی نائاینی هەڵدەبژێرن. دەوروبەری بیست لە سەداش کۆنفیرماسیۆن ئەنجام نادەن.

بەخاکسپاردن
تابووتێکی ناشتن

هەموو ساڵێک، نزیکەی ٤٠٠٠٠ (چل هەزار) کەس لە نەرویج دەمرن. نزیکەی ٩٠ لە سەدی ئەوانە بەپێی ڕێوڕەسمی کلێسەیی بە خاک دەسپێردرێن. واتە قەشەیەک ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە بەڕێوە دەبات.

وو جۆری سەرەکی لە بەخاکپساردن هەن: ناشتن لە ژێر خاکدا و سووتاندن. لە شێوازی ناشتن لە خاکدا، لاشەی مردووەکە بە تابووتەکەوە دەنێژرێت، بەڵام لە شێوازی سووتاندندا، تەرمی کەسی کۆچکردوو دەسووتێنرێت، پاشماوەی خۆڵەمێشەکەی دەکرێتە نێو قوتوویەک و لە نێو خاکدا دەنێژرێت.

لە ئێستادا شێوازی سووتاندن زیاتر و زیاتر بۆتە باو. نزیکەی ٤٠ لە سەدی ئەوانەی کە دەمرن دەسووتێنرێن.

ڕاستیەکان

1ی ژانوییەری: ڕۆژی ساڵی تازە

8ی مارس: ڕۆژی جیهانی ژن

لە مارس/ئاپریل: جەژنی پاک

40 ڕۆژ دوای جەژنی پاک: ڕۆژی چلە

50 ڕۆژ دوای جەژنی پاک: جەژنی پەنجا

1ی مەی: ڕۆژی جیهانی کرێکار

17ی مەی: ڕۆژی یاسای بنەڕەتیی نەرویژ

24ی دیسەمبەر: ئێوارەی کریسمەس

31ی دیسەمبەر: ئێوارەی ساڵی تازە