منداڵان و ژیانی خێزان

منداڵیی، یاسای منداڵان و منداڵ پارێزیی

پێنج منداڵ پێکەوە منداڵ لە مەلەوانگە منداڵ کە یاری دەکەن منداڵ لە یاری زستانە

پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان ٤٢ خاڵی لەخۆگرتووە کە باس لەو مافانە دەکات کە منداڵان هەیانە. ئەم یاسایە لە ساڵی ١٩٨٩ پەسەند کرا، و نەرویج ساڵی ١٩٩١ واژۆی کرد. ئەم یاسایە تایبەتە بە منداڵ و لاوانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵی و باس لە ئەرکەکانی دایک و باوک بەرانبەر بە منداڵەکانیان و ئەو مافانەی منداڵان لای باوک و دایکیان هەیانە.

لێرەدا هەندێک لە گرنگترین خاڵەکانی دەخەینەڕوو::

  • کاتێک منداڵێک لە دایک دەبێت، دەبێت پزیشک یان مامانەکە پەیام و ڕاپۆرتی لەدایکبوونەکە بدات بە فەرمانگەی تۆماری باری شارستانی. پێویستە ناوی دایک و باوکی منداڵەکە بنووسرێت وە زانیاری لەبارەی ئەوەوە بدرێت کە ئایا دایک و باوکی منداڵەکە پێکەوە دەژین یان نا. ئەگەر لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەدا پزیشک لەوێ نەبێت یان دایک منداڵەکەی لە وڵاتێکی تر ببێت، ئەوا دایکەکە ئەرکی سەرشانیەتی کە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە..
  • لە دۆخی ئاساییدا دایک و باوک بەرپرسیاری سەرەکین لە منداڵەکانیان، وە منداڵ مافی خۆیەتی کە دایک و باوک بەخێوی بکەن..
  • دایک و باوک ئەرکی سەرشانیانە کە ژیانی منداڵەکانیان دابین بکەن. واتە ئەوان دەبێت هەوڵ بدەن کە خۆراک، پۆشاک و هەر شتێکی تر کە پێویستە بۆ ژیانێکی خۆش، دابینی بکەن. ئەم ئەرکی بەخێوکردنە بەردەوام دەبێت هەتا منداڵەکە تەمەنی دەگاتە ١٨ ساڵان. هەروەها دایک و باوک ئەرکی سەرشانیانە کە منداڵەکەیان تا خوێندنی ئامادەیی تەواو دەکات بەخێوبکەن، تەنانەت هەرچەندە ئەگەرتەمەنیان ١٨ ساڵیشی تێپەڕاندبێت..
  • دایک و باوک ئەرکە لەسەریان کە منداڵەکانیان باش پەروەردە بکەن و دەبێت هەمیشە لە بیری خواست و پێداویستییەکانیاندا بن. یاسای منداڵان بەکارهێنانی تووندوتیژی لە پەروەردەکردندا قەدەغە دەکات. بەکارهێنانی تووندوتیژیی یان سوکایەتیکردن بەرامبەر منداڵ ڕووبەڕووی سزابوونەوەی لێ دەکەوێتەوە..
  • دایک و باوک لەو دۆخانەدا کە منداڵ ناتوانێت بڕیار بدات، ماف و ئەرکی بڕیاردانیان هەیە لە جیاتی منداڵەکە. لە یاسای منداڵاندا پرەنسیبێکی گرنگی تێدایە کە دایک و باوک دەبێت لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەدا گرنگییەکی زیاتر بدەن بە گوێگرتن لە داوا و بیروبۆچوونەکانی. کاتێک کە منداڵ پێدەگات و گەورە دەبێت، مافی خۆیەتی کە دەرفەتی زیاتری پێ بدرێت تا خۆی بڕیار بدات. منداڵێکی حەوت ساڵانە مافی ئەوەی هەیە بیروڕای خۆی سەبارەت بەو پرسە کەسییانە دەرببڕێت کە پەیوەندییان بەوەوە هەیە بەرلەوەی دایک و باوک لەو بارەوە بڕیار بدەن. بەپێی یاسا کاتێ منداڵێک دەبێتە ١٢ ساڵ دەبێت گرنگی زۆرتر بدرێت بە بیروبۆچوونەکانی..
  • پێویستە دایک و باوکەکان دەرفەت بڕەخسێنن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان لە خوێندنی زۆرەملێی قۆناغی بنەڕەتیدا ئامادە بن و خوێندنەکەیان بکەن، وە دەبێت هاوکاریان بن کە منداڵەکە بەرنامەیەکی خوێندن و فێرکردنی بۆ فەراهەم بکرێت کە لەگەڵ توانا و حەزیدا بگونجێت..
  • منداڵ مافی خۆیەتی کە لەگەڵ دایک و باوکی خۆیدا بژی، تەنانەت ئەگەر دایک و باوکەکە بەجیا لە یەکتریش بژین..
  • تەمەنی پێگەیشتن لە وڵاتی نەرویج ١٨ ساڵییە. ئەمە بەو مانایە دێت کە کەسەکە گەیشتۆتە تەمەنێک پەیماننامەی یاسایی ببەستێت و کۆنترۆڵی بەسەر پارەی خۆیدا هەبێت. ئیتر چیدی دایک و باوک بەرپەرسیارێتییان لەسەر نامێنێت..

منداڵپارێزی لە نەرویج

مێژووی منداڵپارێزی لە نەوریج لە ساڵانی ١٨٠٠ـەکانەوە دەستپێدەکات. نەرویج یەکەم وڵاتە لە جیهاندا کە دەزگای منداڵپاریزی حکومی دابمەزرێنێت لەپێناو یارمەتیدانی ئەو منداڵانەی کە لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژین و پێویستیان بە یارمەتی و پاراستنێکی زیاترە. هەر شارەوانییەک خزمەتگوزارییەکی منداڵپاریزی تایبەت بە خۆی هەیە. کارەکانی خزمەتگوزاریی منداڵپاریزی بەپێی یاسای منداڵپارێزی ڕێکدەخرێت. ئەم یاسایە بۆ هەموو ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەیە کە لە نەرویجدا دەژین، بەچاوپۆشین لە بنەچە، نەتەوە یان ڕەگەزنامەی منداڵەکە یان مێرمنداڵەکە.

بەخێوکردنی منداڵ بە پلەی یەکەم بەرپرسیارێتیی دایک و باوکە. دەشێت دایک و باوک هەبن کە هەندێک کات بۆ ماوەی کورت یان درێژخایەن پێویستییان بە یارمەتیدان هەبێت، بۆ نموونە بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە. لە دۆخی وادا دەزگای منداڵپارێزی دەتوانێت یاریدەی منداڵ و دایک و باوکەکە بدات.

لەپێناو سوود و بەرژەوەندی منداڵدا
ئەو یارمەتییەی منداڵپارێزی دەیدات بۆ سوود و بەرژەوەندی منداڵەکەیە. ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵان، کە لە نەرویجیش بۆتە بەشێک لە یاسا. پەیماننامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە منداڵان تاکی سەربەخۆن و پێویستیی تایبەتیشیان هەیە، وە مافە بنەرەتییەکانیان لە ژیان، گەشەکردن، پاراستن و بەشداریکردندا هەیە. بەپێی بەندی ١٢ لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵان، جەخت لەوە کراوەتەوە کە منداڵپارێزی دەبێت گوێ لە بیروبۆچوونی منداڵ بگرێت و حسابیان بۆ بکات. هەربۆیە کاتێک دایک و باوک پەیوەندی بە منداڵپاریزییەوە دەکەن، شتێکی ئاساییە کە منداڵپارێزی قسە لەگەڵ دایک و باوکەکە و منداڵەکەشدا بکەن.

گرنگترین کار و ئەرکەکانی منداڵپارێزی:

  • پێدانی یارمەتی و پشتیگیری:
    دەزگای خزمەتگوزاریی مندڵپارێزی لە حاڵەتێکدا یارمەتی منداڵ و خیزان دەدات ئەگەر منداڵەکە بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە یان هۆکاری دیکەوە پێویستی بە یارمەتیدان هەبێت. منداڵپارێزی خوازیارە لەگەڵ دایک و باوکدا هاوکار بێت، ئەمەش لە پێناو ئەوەدایە کە منداڵ لەماڵەوە ژیانێکی باشی هەبێت. هاوکارییەکان لە شێوەی ڕاوێژ و پێدانی ڕێنمایی یان لەشێوەی یارمەتیدان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کاتی دەستبەتاڵی، چوونە باخچەی منداڵان و SFO. لە زۆربەی ئەو دۆسییەکانی منداڵپارێزی، خێزانەکان لەناو ماڵی خۆیاندا پشتگیری و یارمەتییەکان وەردەگرن. هەندێک جار وا ڕێکدەکەوێت کە بە تەنها یارمەتیدانی ماڵەوە بەس نەبێت، هەربۆیە منداڵپارێزی لەگەڵ دایک و باوکە ڕێکدەکەون کە پێویستە منداڵەکە بۆ ماوەی کورت یان درێژ لە ماڵەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنی دیکەی گونجاو.
  • بەرپرسیارێتی لە پاراستی منداڵ:
    خۆی وا باشترە بۆ منداڵ کە لە ماڵی خۆیدا گەورە بێت، بەڵام خزمەتگوزاریی منداڵپارێزی بەرپرسیارێتیی لە پاراستنی منداڵاندا هەیە ئەگەر یارمەتی و هاوکاری لەگەڵ دایک و باوکدا (کە پێی دەوترێت بەرنامەی کاری یارمەتیدان) نەتوانێت پێداویستییەکانی منداڵەکە دابین بکات. منداڵپارێزی پێش لێسەندنەوە و وەرگرتنی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ، هەوڵ دەدات لەڕێگەی بڕیاری بەرنامەی کاری یارمەتیدانەوە بە ئەرکی خۆی هەڵسێت. دەبێت هۆکاری زۆر و گەورە هەبن بۆئەوەی کە مندڵپارێزی بڕیاربدات کە خۆی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکە بگرێتە ئەستۆ. نموونە بۆ ئەو حاڵەتە ئەوەیە کە کاتێک منداڵ دووچاری بەخێوکردنێکی خراپ بێتەوە لەلایەن دایک و باوکیانەوە – بۆ نموونە گەر دایک و باوک ئازاری جەستەیی یان دەروونی منداڵەکە بدەن یاخود ئەگەر بە جۆرێک منداڵەکە پشتگوێ بخەن کە ببێتە هۆی ئەوەی کە تەندروستی فیزیکی و دەروونیی منداڵەکە بکەوێتە مەترسییەوە. ئەگەر دایک و باوک تووندوتیژی دژ بە منداڵ بەکاربهێنن، بۆ نموونە لە منداڵ بدەن، ئەوە بە خراپی لە بەخێوکردندا هەژمار دەکرێت. ئەگەر منداڵپارێزی بخوازێت کە بەخێوکردن و گواستنەوەی منداڵێک بەبێ ویستی دایک و باوک ئەنجام بدات ئەوا پێوستی بە ڕەزامەندی و بڕیاری دەزگەیەکی حکومی هەیە کە پێی دەوترێت لیژنەی پارێزگا بۆ کاروباری سۆسیال و پاراستنی منداڵان، کە ئۆرگانێکی دادگاییە. لە دۆسیەی لەو شێوەیەدا دایک و باوک مافی وەرگرتنی پارێزەری داکۆکاریان هەیە کە لە ڕووی ئابورییەوە بە خۆڕایی دەبێت.

چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دۆسییەیەکی منداڵپارێزی
زۆرینەی دۆسییەکانی منداڵپارێزی بەوە دەست پێدەکەن کە دایک و باوک یان منداڵەکە خۆیان بۆ داوای یارمەتی پەیوەندی بە منداڵپارێزییەوە دەکەن. هەروەها منداڵپارێزی لە بنکەی تەندروستی، نەخۆشخانە، قوتابخانە، باخچەی منداڵان، دراوسێ و کەسانی ترەوە کە نیگەرانن بەرامبەر دۆخی منداڵێک پەیوەندییان پێوە دەکرێت. سەرجەم ئەو کەسانەی لە دام و دەزگا حکومییەکندا کاردەکەن، بۆ نموونە لە قوتابخانە، باخچەی منداڵان، بنکەی تەندروستییەکان، ئەرکی سەرشانیانە کە ئەگەر بینییان منداڵێک لە دۆخێکی خراپدایە پەیوەندی بە منداڵپارێزییەوە بکەن. گشت ئەو پەیام و ئاگادارکردنەوانەی منداڵپاریزی پێی دەگات تەماشا دەکرێن و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێن. ئەگەر منداڵپارێزی بینی کە هۆکارێک هەیە بۆ تەداخولکردن، ئەوا بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە بارودۆخی منداڵەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە منداڵەکە و دایک و باوکییەوە دەکات. لە حاڵەتی وادا بۆی هەیە منداڵپارێزی بیەوێت کە بە تەنیا لەگەڵ منداڵەکەدا قسە بکات. ئەگەر دایک و باوک یان منداڵ پێوسیتیان پێ بێت ئەوا وەرگێڕی زمانیان بۆ بانگ دەکەن و مافی خۆیانە کە موتەرجیمیان هەبێت. شتێکی ئاساییە کە منداڵپارێزی پەیوەندی بە کەسانی ترەوە بکات کە خێزان و منداڵەکە دەناسن، بۆ نموونە باخچەی منداڵان و قوتابخانە. خۆ ئەگەر منداڵپاریزی تەماشای دۆسییەیەکی کرد و پێی وابوو هیچ هۆکارێکی وا گرنگ نییە بۆ نیگەرانبوون بەرامبەر دۆخی منداڵێک، ئەوا بڕیاردەدات بە هەڵپەساردنی دۆسییەکە. یان ئەوەتا بۆ یارمەتیدانی منداڵ و دایک و باوکەکە، بڕیاری بەرنامەی کار دادەنێن.

ئایا چۆن منداڵ و گەورەکان دەتوانن پەیوەندی بە منداڵپارێزییەوە بکەن؟
هەموو شارەوانییەکان خزمەتگوزاریی منداڵپارێزییەکیان هەیە کە بە ڕۆژ کراوەیە. هەم منداڵ و هەم دایک و باوکان دەتوانن پەیوەندی بەوێوە بکەن. لە کاتی ئێوارە/شەوان و لە ڕۆژانی پشووی شەممە و یەکشەمماندا منداڵ یان کەسانی تر کە نیگەرانییەکیان لە دۆخی منداڵێک هەیە، دەتوانن زەنگ بۆ ئەم ژماریە لێ بدەن ١١٦١١١ کە تەلەفۆنی ئاگادارکردنەوەی تایبەتە بەم دۆسییەیانە..

ڕاستیەکان

(Barnetrygd) دەستەبەری منداڵ

دەستەبەری منداڵ هاوکارییەکی داراییە کە بە هەموو منداڵێکی ژێرتەمەنی ١٨ ساڵی دەدرێت کە لە نەرویجدا نیشتەجێیە. ئەمەش دەبێتە یارمەتییەک بۆ ئەو خەرجییانەی کە بەهۆی منداڵەوە دێتە پێشەوە.
لەم لینکەی خوارەوەدا دەتوانی زانیاری زیاتر لەسەر دەستەبەری منداڵ و بڕی پارەکە ببینیتەوە: NAV Kontantstøtte.

هاریکاری دارایی نەختینەی منداڵ (kontantstøtte)

هاریکاری دارایی نەختینە (kontantstøtte) یارمەتییەکی داراییە کە دەدرێتە هەموو ئەومنداڵانەی کە تەمەنیان لە نێوان دوو ساڵیدایە و ناچنە باخچەی منداڵان. هاریکاری دارایی نەختینەی منداڵ مانگانە دەدرێت یەک و بە منداڵانی نێوان ١٣ و ٢٣ مانگی. ئەگەر منداڵ بەشە جێگە یان نیوە جێگەی هەبێت لە باخچەی منداڵان ئەوا ڕێژەی پارەکە کەم دەکرێتەوە.
لەم لینکەی خوارەوەدا دەتوانیت زانیاری زیاتر لەسەر هاریکاری دارایی نەختینەی منداڵ و بڕی پارەکە ببینیتەوە: NAV Kontantstøtte.