منداڵان و ژیانی خێزان

دەرفەتی یەکسان

یەکسانی
خێزانەکان ئازادن لەوەی بە دڵی خۆیان ژیان و کاروباری ڕۆژانەی خۆیان ڕێکبخەن. هاوکات، بیروڕاکان لەبارەی یەکسانی و هاوبەهایی لە یاسا و مافەکاندا جێگیرکراوە. سەرجەم ئەوانەی لە نەرویج دەژین دەبێت پابەند بن بەو یاسایانەوە. ئەمە بۆ نموونە یاسای یەکسانی، یاسای هاوسەرگیری و یاسای میرات دەگرێتەوە.

یەکێک لە بەها هەرە گرنگەکان لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا هاوبەهایی نێوان مرۆڤەکانە. ئەمە ئەوە دەگرێتەوە کە مرۆڤەکان هەمان بەهای مەزنیان هەیە، بە چاوپۆشین لە ڕەگەز، تەمەن، توانا، کولتور، بنەچەی نەژادی. کۆمەڵگە تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی بە پێی توانای مرۆڤەکان دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێنێت. نموونە بۆ ئەمە ئەوهەل و دەرفەتانەیە کە قوتابخانە بۆ قوتابیانی دەڕەخسێنێت بۆنموونە بۆ قوتابیانی کەمئەندام و خولی فێربوونی زمانی نەرویجی بۆ کۆچبەران، بنەمای مووچەی یەکسان بۆ کاری یەکسان …تاد.

لە ماوەی چەند دەساڵانەی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر لە بواری یەکسانی نێوان ڕەگەزەکاندا هاتۆتە ئاراوە. تێبینی دەکرێت کە هەڵوێست و ڕوانین لە پێگەی نێر و مێ هەم لە ژیانی گشتی و هەم لە ژیانی خێزان و ناو ماڵدا گۆڕاوە،.

یەکسانی لە ژیانی کاردا یەکسانی لەناو ماڵدا

لە ساڵانی ١٩٧٠دا، بەرەبەرە بایەخی زۆرتر بە مافەکانی ژنان لە نێو کۆمەڵگە و دەرفەت پێدانیان لە بواری خوێندن و ژیانی کاردا درا. چالاکیی کارکردنی ژنان بە خێرایی زیادی کرد، و لە ئێستادا تەقریبەن ژمارەی ژنان و پیاوانی کارکەر یەکسانن. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەندێک کار و پیشەی تایبەت بە ژنان یان پیاوان هەن و ژمارەی ئەو ژنانەی کە نیوەکاریان هەیە زیاترە لە پیاوان. ئەمڕۆ ژمارەی ژنانی خاوەن بڕوانامەی زانکۆ تەقریبەن لەگەڵ ژمارەی پیاواندا یەکسانە، بەڵام زۆربەیان هەر پیشە باوەکان هەڵدەبژێرن. ژنان زیاتر لە بواری چاودێریی تەندروستی و پەروەردە و وانەگوتنەوەدا دەخوێنن، بەڵام پیاوان زیاتر بە لای خوێندنی تەکنەلۆژیا و زانستە سروشتییەکاندا دەچن. سەرەڕای ئەوەی کە ژنان نزیکەی نیوەی ئەوانە پێکدەهێنن کە کاردەکەن، بەڵام هێشتاکە دەوروبەری دوو لە سێی بەڕێوەبەر و سەرکاران لە پیاوانن.

ەمڕۆکە لە زۆربەی خێزانەکاندا، بە تایبەت لەناو خێزانە گەنجەکاندا، ئاساییە کە پیاو و ژن پێکەوە کاروباری ڕۆژانەی ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ لەنێو خۆیاندا بەش بکەن، بەڵام هێشتا ژنان کاتی زیاتر لە پیاوان بۆ کاروباری ناوماڵ سەرف دەکەن.

ڕاستیەکان

یاسای یەکسانیی ڕەگەز

یاسای یەکسانیی رەگەز دانرا بۆ ئەوەی ڕێز بگیرێت لە یەکسانی و، بەتایبەت، مافەکانی ژنان. ئامانجی ئەم یاسا ئەوەیە کە لە بوارەکانی خوێندن، دامەزران و گەشەکردنی فەرهەنگی و پیشەیی دا دەرفەتی یەکسان بدرێت بە پیاوان و ژنان. ئەم یاسا فەرزی دەکات کە حکوومەت لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دا چاودێریی یەکسانی نێوان دوو رەگەز بکات. ئەم یاسا هەروەها فەرمان دەدات بە خاوەنکاران و سازمانە تیجارییەکان کە هەوڵ بدەن بۆ یەکسانی لە شوێنی کار و ژیانی سازمانی دا. جیاوازیدانان لە نێوان پیاو و ژن دا قەدەخەیە، بەڵام جیاواز ڕەفتارکردن بۆ مەبەستی یەکسانی ڕەوایە.