منداڵان و ژیانی خێزان

مافەکان و ئەرکەکانی هاوسەرگیری

بووک و زاوایەک

نموونەی هەڵبژاردە لە یاسای هاوسەرگیری:

  • هەرکەسێک کە تەمەنی لە سەرووی ١٨ ساڵی بێت و پێشتر هاوسەرگیری نەکردبێت و مافی مانەوەی یاسایی لە نەرویج هەبێت، دەتوانێت هاوسەرگیری بکات.
  • هەموو هاوسەرگیرییەک دەبێت بە ئارەزوومەندانە بکرێت. ژن و پیاو بە یەک ئەندازە مافی ئازادییان لە هەڵبژاردنی هاوسەری خۆیان هەیە. یاسای سزادان بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر کەسێک بە بەکارهێنانی تووندوتیژی، ڕێگرتن لە ئازادی، بە زۆر یان بە هەڕەشە کەسێکی تر ناچار بکات بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری، بۆی هەیە تا شەش ساڵ زیندانی بۆ ببڕدرێتەوە. کەسی بەشداریکەریش لە کاری لەو جۆرەدا بە هەمان شێوە سزا دەدرێت.
  • ئەگەر کەسێک بڕیار بدات کە چیتر لەگەڵ هاوسەرەکەیدا نەژی، دەتوانێت داوای جیابوونەوە بکات. گەر دوو کەس بۆ ماوەی ساڵێک لە بڕیاریاندا بە جیا لەیەکتری بژین دەتوانن داوای تەڵاق بکەن. ئەگەر دوو هاوسەر بە فەرمی لە یەکتر جیا نەبنەوە بەڵام بۆ ماوەی دوو ساڵ دوور لە یەکتر بژین، ئەوا دەکرێت مافی تەڵاقیان پێ بدرێت. ژن و پیاو هەمان مافی جیابوونەوە و داوای تەڵاقیان هەیە.
  • یەکێک لە هاوسەرەکان دەتوانێت بێ جیابوونەوە داوای تەڵاق بکات، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر هاوسەرەکەی تر هەوڵی دابوو خۆی یان منداڵەکانی بکوژێت، توندوتیژی بەکارهێنابێت، زیانی پێگەیاندنبێتن یان ترسی خوڵقاندبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە ڕەفتارانە. هەروەها ئەگەر هاوسەرگیری بە زۆر کرابێت، ئەوا دەکرێت یەکێک لە هاوسەرەکان داوای تەڵاق بکات.
  • هەردوو هاوسەر بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیان هەیە لە دابینکردنی پێویستیەکانی ژیان و ئاگاداربوون لە خێزانەکەیان. هەردووکیان پێکەوە بەرپرسن لە ئابوری خێزان و دڵنیابوون لە ئاسوودیی و خۆشگوزەرانی خێزانەکەیان. بەڵام دەتوانن بە شێوازی جۆراوجۆر پاڵپشتیان هەبێت بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکە. دەشێت لەڕێی بەدەستهێنانی پارە و داهات، کارکردن لە ماڵەوە، چاودێریکردنی منداڵەکان یان بە شێوازی تر. لە هەندێک حاڵەتدا، دەکرێت یەکێک لە هاوسەرەکە داوای پارە لەوی تر بکات بۆ خەرجییەکانی ماڵ. بەندی ٣٩ لە یاسای هاوسەرگیری دەڵێت کە هاوسەران بەرپرسیارن لەوەی کە زانیاریی دروست دەربارەی باری ئابوری و داراییان بدەن بە یەکتری. بۆ نموونە، هاوسەرێک دەتوانێت لەوی تر داوای بەڵگەی باجی داهات، لیستی پارەی هاتن و چوونی بۆ سەر حسابی بانکی و …تاد.
  • لە ژیانی هاوسەرگیریدا کێ خاوەنی چییە؟ هەرشتێک کە بەر لە هاوسەرگیری لایەنێکی دوو هاوسەرەکە هەی بووبێت، ئەوا دوای هاوسەرگیریش هەر بە موڵکی خۆی دەمێنێتەوە. جگە لەمە، هەرجۆرە میرات و دیارییەک کە هاوسەرێک دوای هاوسەرگیری وەریدەگرێت یان ئەو شتانەی کە خۆی دەیکڕێت، ئەوانەش هەر بە موڵکی تایبەتی خۆی دەمێنێتەوە. ئەو دەتوانێت بێ داوای مۆڵەت لە هاوسەرەکەی شتەکانی خۆی بفرۆشێت یان بیانبەخشێت. هەموو ئەو شتانە کە پێکەوە بۆ ماڵەوەی دەکڕن موڵکی هەردووکیانە.

ڕاستیەکان

یاسای هاوسەرگیری

یاسای هاوسەرگیری تایبەتە بە پەیوەندیەکانی نێوان دوو هاوسەر. ماف و ئەرکی دوو کەسی زەماوەندنەکردوو کە پێکەوە دەژین بەرانبەر بە یەکتر یەکسان نییە لەگەڵ ماف و ئەرکی جووتێکی زەماوەندکردوو بەرانبەر بە یەکتر. لەبەر ئەمەیە کە زۆرێک لە جووتە هاوژینەکان بۆ خۆیان ڕێکەوتنی یاسایی دەکەن.