ته‌ندروستی

تەندروستی و ئاسوودەیی ژیان

کێ بەرپرسیارە لە تەندروستیی ئێمە؟?

کاتی خۆی زۆرجار وا بیر دەکرایەوە کە کەرتی تەندروستی بەرپرسیارە لە تەندروستیی نەخۆشەکان.لەم ساڵانەی دواییدا، زیاتر لەوە گەیشتووین کە خودی خۆمان بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە تەندروستیی خۆمان هەیە. ئەو جۆری ژیانەی هەڵی دەبژێرین بۆ ژیانی خۆمان، کاریگەری لەسەر تەندروستیمان دەبێت. کەرتی تەندروستی بەرپرسیارە لە پێدانی ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێمان، بەڵام ئەوە بەرپرسیارێتی خۆمانە کە پابەند بین بەو ئامۆژگارییانەوە. شتێکی ئاسانە کە زانیاری دەربارەی چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکاندا بدۆزینەوە .جگە لەو زانیارییانە کە مرۆڤ دەتوانێت لە ئینتەرنێتدا بیدۆزێتەوە، ئەوا بۆ نموونە کۆمەڵێک نامیلکە و بڵاوکراوەش لای دکتۆر یان لە دەرمانخانەکان هەن و دەتوانیت بە خۆڕایی دەستت بکەون.

لەبواری تەندروستیدا زانیاری و فێرکردنی زۆر بڵاودەکرێتەوە. تەندروستی لە قوتابخانەدا بابەتێکی گرنگە و دەوڵەت بە شێوەی جۆراوجۆر زانیاریی تەندروستی بڵاودەکاتەوە و دەگەیەنێت. هەروەها تەلەفزیۆن و ڕادیۆش بابەتی تەندروستی زۆریان تێدایە.

ئەگەرچی کۆمەڵگەی خۆشگوزەران لە پێناو دابینکردنی تەندروستییەکی باش بۆ دانیشتتوان بەرپرسیاریەتییەکی زۆر دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام هەروەها لە زۆر حاڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ خودی هەر کەسێک کە چۆن دەیەوێت بژی و ئاگاداری تەندروستیی خۆی بێت. لە زۆرێک لە وڵاتان، نەخۆشەکان وا ڕاهاتوون کە دکتۆر دەسەڵاتێکی ڕەهای لە بڕیاری چۆنیەتی چارەکردنی نەخۆشدا هەیە. هەروەها دەشێت کە نەخۆش ڕاهاتبێت بەوەی کە هەرگیز دکتۆر بەبێ نووسینی دەرمان بەجێ نەهێڵێت. لە نەرویج شتێکی باوە کە نەخۆش و دکتۆر پێکەوە لەبارەی ڕێگە جیاوازەکانی چارەسەرکردن و دەرمانکردن قسە بکەن.

تەندروستی باش – شتێکی زیاترە لە نەبوونی نەخۆشی؟?

هەندێک کەس باوەڕیان وایە کە تەندروستی باش مانای ئەوەیە کە مرۆڤ نەخۆش نەبێت. دەشێت لای کەسانی تر تەندروستی ئەوە بێت کە مرۆڤ ژیانێکی خۆش و کامەرانی هەبێت.

هەردوو ئەو پێناسەیە بۆ تەندروستییەکی باش دروستن. لەو کۆمەڵگانەدا کە نەخۆشیی مەترسیدار و هەژاری بەشێکی گەورەن لە ژیان، لەوانەیە پێناسەی یەکەم زۆر باوبێت. لە کۆمەڵگای تردا، کە دەرمانی دژ بە زۆربەی نەخۆشییەکان هەیە و هەمووان دەرفەتی بەدەستهێنانی یارمەتیی و پێداویستیەکان لەلایەن دکتۆرەوە هەیە، دەشێت خەڵکی پێیان وابێت کە تەندروستی شتێکی زیاترە لەوەی کە تەنها لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ساغ و سەلامەت بن.

ڕاستیەکان

یارمەتیە داراییەکان

لە حکوومەتی ئاسوودەژیان دا، ئامانج ئەوەیە کە تا جێگایەک کە دەکرێت هەموو جەماوەر ژیانێکی خۆشیان هەبێت. ئەمە شاملی تەندروستبوونیش دەبێت.

حکوومەتی ئاسوودەژیان بەپرسیارەتی دابینکردنی خزمەتە تەندروستیەکان بۆ دانیشتوان دەگرێتە ئەستۆ و دڵنیایی دەکات لەوەی کە دەرمان و چارەسەری پێویست بۆ هەموو کەسێک دابین دەکرێت، بێ گوێدان بە باری دارایی ئەو.

ئەرکی ڕازداری و پاراستنی نهێنی

هەموو ئەو کەسانە کە لە بواری چاودێریی تەندروستی دا کار دەکەن ئەرکی ئاساییان هەیە کە زانیارییەکان وەکوو نهێنی بپارێزن. ئەمە یانێ ئەوان ناتوانن بێ ئیزن‌وەرگرتن لە نەخۆشەکە زانیارییەکانی ئەو بدەن بە کەسێکی تر.