ته‌ندروستی

خزمەت و سیستەمە جیاوازەکانی چاودێریی تەندوستی

سیستمی دکتۆری خێزان و کەسی

سەرجەم هاوڵاتییان مافی هەبوونی دکتۆرێکی خێزانی یان کەسیی هەیە. کاتێ کە کەسێک نەخۆش دەکەوێت، سەرەتا دەبێت پەیوەندی بەوەوە بکات. دکتۆری خێزان ئەرکێتی کە بەرلە هەر کەسێکی تر یارمەتی نەخۆشەکانی خۆی بدات. هەر ئەویشە کە نەخۆشەکانی بۆلای دکتۆری پسپۆر ڕەوانە دەکات: https://helsenorge.no

دکتۆری خێزان ئەرکی پاراستنی نهێنی هەیە و بۆی نییە بە بێ ڕەزامەندی نەخۆشەکەی باس لەو شتانە بکات کە لە نێوان دکتۆر و نەخۆشەکەدا باسکراون.

دەرمانخانە

دەرمانخانە دەرمان دەفرۆشرێت و دەتوانێت سەبارەت بە بابەتەکانی تەندروستی و چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمانە جیاوازەکان ئامۆژگاری بە نەخۆش بدات. زۆربەی دەوا و دەرمانەکان تەنها لە دەرمانخانە دەکڕدرێن. مرۆڤ دەتوانێت هەندێک لە دەرمانەکان، وەکو دەرمانی ئازارشکێن، لە سووپەڕ مارکێت یان بەنزینخانە بکڕێت. نرخی دەرمانەکان لە دەرمانخانەیەکەوە بۆ دەرمانخانەیەکی تر ولە فرۆشگەیەکەوە بۆ فرۆشگەیەکی تر جیاوازە.

زۆرێک لە دەرمانەکان تەنیا بە ڕەچەتە دەدرێن. واتە بۆ کڕینی ئەم دەرمانانە پێویستە سەرەتا لەگەڵ دکتۆری خۆت قسە بکەیت. دکتۆر ڕەچەتەت پێ دەدات کە تێیدا جۆری دەرمانەکە و شێوازی بەکارهێنانی نووسراوە.

دەرمان بە ڕەچەتەی شین

ئەگەر تۆ نەخۆشییەکی قورست هەبێت کە پێویستی بە چارەسەکردنی درێژخایەن هەبێت (واتە زوو چارەسەر نەبێت)، دەتوانیت دەرمان و دەرمانە وزە بەخشەکانی پزیشکی و پێوستییەکانی تری چارەسەر لە سەر ڕەچەتەی شین وەربگریت.
کاتێک دەرمانێک لە سەر ڕەچەتەی شین وەردەگریت بەمانای ئەوەیە کە تۆ هەموو نرخی دەرمانەکە نادەیت. تۆ تەنها بەشە پارەی خۆیی دەدەیت و حکومەت بەشە زۆرەکەی دەدات.

بەشە پارەی خۆیی “ڕەچەتەی شین” بۆ دەرمان دەخرێتە سەر بەشە پارەی خۆیی سەردانی دکتۆر بۆ ئەوەی تۆ کارتی بە خۆڕایی چارەسەرکردن (frikort) وەربگریت.

دکتۆری ددان

منداڵان و گەنجان هەتا تەمەنی ١٨ ساڵان ماوەماوە بانگ دەکرێن بۆ پشکنینی ددان. حکوومەت پارەی ئەو کۆنترۆڵ وچارەسەرکردنانە دەدات. ئەو گەنجانە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ و ٢٠ ساڵ دایە دەبێت ٢٥ لە سەدی خەرجیی چارەسەری ددانەکانیان بدەن، وە حکوومەتیش ٧٥ لە سەدی خەرجییەەکە دەدات. کەسانی گەورەساڵ کە تەمەنیان لە سەرەوەی ٢٠ ساڵیدایە دەبێت بۆ خۆیان هەموو پارەی چارەسەرکردنی ددانەکانیان بدەن. کەسانی گەورەساڵ دەبێت خۆیان دکتۆری ددانی تایبەت بدۆزنەوە و زۆربەی خەڵک، ئاسایی هەر ساڵ یەک جار کۆنترۆڵی ددانەکانیان دەکەن.

بەشە پارەی خۆیی لەلای دکتۆری ددان بۆ منداڵی تەمەن نێوان ١٨-٢٩ ساڵی

ئەگەر منداڵێک پێوستی بە ڕێککردنەوەی ددان هەبێت، پێوستە دایک و وباوک بەشە پارەی خۆیی بدەن.

کچێک کە  ددانەکانی بۆ ڕێککراونەتەوە

خەواندن لە نەخۆشخانە

خەوتن لە نەخۆشخانە بە خۆڕاییە. هەموو مەسرەفەکانی چارەسەر، مانەوە و خواردن لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت.

تۆ خۆت دەتوانیت نەخۆشخانە هەڵبژێریت ئەگەر پێشوەخت پلان بۆ خەواندنەکەت دانرابێت. لەوانەیە کاتی چاوەڕوانیکردن بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەکان جیاواز بێت، هەربۆیە واچاکە سەیرێکی ئەم لینکە بکەیت:.

لە نەرویج ژمارەیەکی کەم نەخۆشخانەی تایبەتی هەیە. ئەگەر تۆ نەخۆشخانەی تایبەتی هەڵبژێریت دەبێت خۆت پارەکە بدەیت.

چارەسەرکردنی نۆرینگەیی لە نەخۆشخانە

چارەسەری نۆرینگەیی بەواتای ئەوە دێت کە تۆ چارەسەر لە نەخۆشخانەیەک وەردەگریت بێ ئەوەی لە وێ بخەوێنرێیت. تۆ دەچیتە نەخۆشخانەکە و چاوت بە دکتۆر دەکەوێت و پاشان دەگەڕێیتەوە ماڵەوە. خەرجی چارەسەوەرگرتن لە نۆرینگەی نەخۆشخانە وەکوو خەرجی چاوپێکەوتنی دکتۆری خێزانی و دکتۆری پسپۆرە وایە.

دکتۆری پسپۆر

دکتۆرێکی پسپۆر بۆ نموونە بریتییە لە: دکتۆری ژنان، دکتۆری پێست، دکتۆری گوێچکە، لووت و گەروو (قوڕگ) و دکتۆری منداڵان.

بۆ ئەوەی کات لە لای دکتۆری پسپۆر وەربگریت، پێویستە نامەی دکتۆری خێزان یان دکتۆری گشتییت پێبێت. ئەگەر ئەوان تۆ نەنێرن و نامەت پێنەبێت، دەبێت بڕە پارەیەکی زیاتر لە بەشە پارەی خۆیی بدەیت.

ئۆتومۆبێلی فریاکەوتن

ەگەر تۆ پێویستت بە ئوتومبێلی فریاکەوتن هەبێت، دەتوانیت تەلەفۆن بکەیت بۆ ژمارەی فریاکەوتن (ئیمرجێنسی) (١١٣). بەمەش پەیوندی دەبەستیت لەگەڵ بنکەی فریاکەوتن. زۆر گرنگە کە زانیاری دروست بدەیت:

تۆ کێیت؟
ناو، ژمارەی تەلەفۆن، لە کوێ تەلەفۆن دەکەیت)

چی ڕووی داوە؟
چەند کەس پێوستی بەیارمەتییە، ئایا کەس لەوانە لە بارێکی مەترسیدار دایە تاد.)

تۆ لە کوێیت؟
ئەدرێسی تەواو یان ناونیشانی شوێنەکە )

نەخۆشخانەی فریا کەوتن

ئەگەر مرۆڤ پێوستی بە چارەسەری پزیشکی کتوپڕ بێت لەو کاتانەی کە دەوامی دکتۆری خێزانی تەواو بووە، دەتوانێت پەیوەندی بە ژمارەی تەلەفۆنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بکەیت (116117 ).

هەموو شارەوانییەکانی نەرویج سیستمی فریاکەوتنی پزیشکییان هەیە. بەشی فریاکەوتن لە کاتی ئێوارە، شەو و ڕۆژانی پشووی هەفتە کراوەیە، واتە ئەو کاتانەی کە بنکە پزیشکییەکانی تر داخراون. کاتێک کەسێک دەچێت بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن، دەبێت بەشە پارەی خۆیی بۆ پشکنین و چارەسەرکردن بدات. هەروەها دەبێت پارەی کەرستەی بەکارهاتوو، خەرجییەکانی تاقیگە و شتی دیکەی هاوشێوەش بدرێن.

وا باشە پێشوەختە شوێنی نزیکترین نەخۆشخانەی فریاکەوتن لێتەوە بزانیت!

ڕاستیەکان

بەشە پارەی خۆیی

  • دەزگا فەرمییەکان بڕێکی زۆر لە نرخی ڕاستەقینەی سەردانی دکتۆر دەدەن. نەخۆشەکە پێوستە تەنها بەشە پارەی خۆیی بدات، دەوڵەت بەشەکەی تری دەدات..
  • لەپاڵ بەشە پارەی خۆیی، دەبێت نەخۆش پارەی برین پێچ (لەفاف)، دەرزی، دەرمان، پشکنینەکان و شتی لەم بابەتانە بدات.
  • منداڵانی ژێر تەمەنی ١٦ ساڵی بەشە پارەی خۆیی نادەن. هەروەها کۆنترۆڵی ژنانی دووگیانیش بەخۆڕاییە.
  • بەشە پارەی خۆیی لە لای دکتۆری خێزانی بۆ هەر سەردانێک ئاسایی لە نێوان ١٥٠- ٣٠٠ کرۆن.

کارتی پێبەخشین

ئکاتێک بڕی دیاریکراو لە بەشە پارەی خۆیی لە ماوەی ساڵێکدا دەدەیت، مافی وەرگرتنی کارتی ئازاد (Frikort)ت هەیە. کە تۆئەو بڕە پارەیەت لە بەشی خۆیی دا، ڕاستەوخۆ بەرێوەبەرایەتی ئابوریی تەندروستی (کە بە HELFO ناسراوە) بە پۆست کارتی ئازادت بۆ دەنێرێتە ماڵەوە. لەکاتی سەردانکردنی دکتۆر یان کڕینی دەرمان بە ڕەچەتەی شین دەبێت کارتی ئازاد (Frikort) پێشان بدەیت. پاشان هەتا کۆتایی ساڵ چیتر بڕە پارەی بەشی خۆیی نادەیت .
دەتوانی لە ماڵپەڕی https://helsenorge.no/ لیستی پزیشکەکانی خیزان ببینی. تۆ دەتوانی لە نێوان ئەو لیستە پزیشکی خێزانی خۆت هەڵبژێری

.