ته‌ندروستی

منداڵان و چاودێریی تەندروستی

 

کۆنترۆڵی دووگیانی و منداڵبوون

ڕێژەی مردنی منداڵانی ساوا لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بەستراوە بە ستانداردی ژیان، خزمەتگوزاریی تەندروستی و پێشکەوتنی پزیشکی، وە هەروەها دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دەستکەوتەکانی دیکەی خۆشگوزەرانی بۆ منداڵ و دایک و باوکان.
بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی تر و سەردەمانی پێشووتر، ئەوا لە نەرویج ڕێژەی مردنی منداڵانی ساوا نزمە. لە نەرویج ژنانی دووگیان مافی کۆنترۆڵی دووگیانی بەخۆڕاییان هەیە. بنکەکانی تەندروستی یان پزیشکی خێزان ئەم کۆنترۆڵانە ئەنجام دەدەن. کۆنترۆڵەکان ئارەزومەندانەن و ئامانجیش لێیان بۆ دڵنیابوونە لە تەندروستی منداڵ و دایکەکە لە ماوەی دووگیانی، لە کاتی منداڵبوون و لە دوای منداڵبووندا. لە نەرویج پێشنیار دەکرێت کە ئافرەت لە ماوەی دووگیانیدا هەشت بۆ دوانزە جار بچێت بۆ کۆنترۆڵکردن. زۆربەی ئافرەتان لە نەخۆشخانەدا منداڵیان دەبێت و ئەمەش بەخۆڕاییە.

Nyfødt barn på vekt

هەموو ئەو منداڵ و گەنجانەی لەنەرویج دەژین ماوەماوە کۆنترۆڵی تەندروستییان بۆ ئەنجام دەدرێت.منداڵان لە دوای لەدایکبوونەوە تا دەست بە قوتابخانە دەکەن کۆنترۆڵەکان لە بنکەکانی تەندروستی ئەنجام دەدرێن. دوای ئەوەی کە منداڵان دەستیان بە قوتابخانە کرد، خزمەتگوزاری تەندروستی قوتابخانە، کۆنترۆڵەکان ئەنجام دەدەن. هەروەها لە زۆربەی شارەوانییەکان بنکەی تەندروستی گەنجان هەیە. خزمەتگوزارییەکانی بنکە تەندروستییەکان و خزمەتگوزاری تەندروستی قوتابخانە بە خۆڕایین.

لە بنکەی تەندروستی چاودێری چۆنیەتی گەشەکردنی منداڵ دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانن ئایا بە شێوەیەکی ئاسایی گەورە دەبێت، هەستی بینین و بیستنی تەواوە، وە ئایا منداڵەکە فێری تێگەیشتن و قسەکردن دەبێت. ئەگەر گرفتێک لە گەشەکردنی منداڵەکەدا هەبێت، ئەوا بنکە تەندروستییەکە یارمەتی و ڕێنوێنی پێشکەش دەکات.

هەروەها بۆ هەموو ئەو منداڵ و گەنجانەی کە لە نەرویج دەژین پێشنیار دەکرێت کە لە دژی نەخۆشییە مەترسیدارەکان بکوترێن (ڤاکسینە بکرێن). کوتانەکان بە شێوەیەکی سادە و کاریگەر و بێ مەترسی لە نەخۆشییەکان دەیانپارێزن. کوتان ئارەزومەندانەیە، بەڵام دەسەڵاتداران لە نەرویج پێشنیار دەکەن کە دایک و باوکان منداڵەکانیان بکوترێن.

ئەو کوتانانەی کە بەشێکن لە بەرنامەی کوتان بەخۆڕایین. بۆ کوتانەکانی تر، وەکوو ئەو کوتانانەی لە کاتی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات بەکار دەهێنرێن، دەبێت خۆت پارە بدەیت.

 

ڕاستیەکان

 

  • گشت منداڵان مافی خۆیانە کە لە کەشێکی پڕ دڵنییاییدا گەورەببن.
  • گشت منداڵان و گەنجان کۆنترۆڵی تەندروستی بەخۆڕایی وەردەگرن.
  • گشت منداڵ و گەنجان بەخۆڕایی لە چوارچێوەی پرۆگرامی کوتاندا دەکوترێن (ڤاکسینە) دەکرێن.
  • گشت منداڵ و گەنجان بەخۆڕایی چارەسەری ددانیان بۆ دەکرێت.
  • دەبێت گشت منداڵ و گەنجان بەبێ گوێدانە باری دارایی خێزانەکانیان هاوکاری تەندروستی باشیان پێبدرێت.

ئەگەر گیروگرفتی تەندروستی و گیروگرفتەکانی تر زوو دەستنیشان بکرێن، مرۆڤ هەلی زوو چاکبوونەوەی زیاتردەبێت.
کوتان لە نەخۆشی دەمانپارێزێت و بنەبڕی ئەو نەخۆشییانە دەکات کە لەیەکتر دەیانگرینەوە.

بنکەی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی قوتابخانە

بنکەی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی قوتابخانە بەپێی یاسا بەرپرسیارن لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو منداڵان، گەنجان و دایک وباوکانیان. خزمەتگوزارییەکان بریتین لە چاودێریی کاتی دووگیانیی ژنان، بنکەی تەندروستی بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو تا پێنج ساڵی (سفر تا ٥) ساڵی، خزمەتگوزاری تەندروستی قوتابخانە بۆ ئەوانی تەمەنیان لە نێوان ٦ تا ٢٠ ساڵانە و بنکەی تەندروستی بۆ گەنجان.

ئەم خزمەتگوزارییە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ئەرکەکانی شارەوانی بۆ تەندروستیی خەڵکی و کارکردن بۆ ڕۆشنبیری تەندروستی و پێشگیریکردن لە نەخۆشی، ئەمەش هەم لە بواری دەروونی و هەم لە بواری جەستەیی و دۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا. کارەکەش ڕێنماییکردن، پشکنینی تەندروستی، کوتان (ڤاکسینەکردن)، بەدواداچوون و گەر پێویست بوو ڕەوانەکردن بۆ لای کەسی پسپۆر دەگرێتە خۆ.