ته‌ندروستی

سەڵامەتی دەروونی

لەوانەیە هەموو مرۆڤێک لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانیدا دووچاری ناڕەحەتی و ئازاری دەروونی ببێت. لەوانەیە چەندین هۆکار هەبن کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و ئازاری دەروونی لەلای مرۆڤ. لەوانە بارودۆخی دژواری ژیان، وەکو کێشەی خێزانی، یان ئەو گیروگرفتانەی پەیوەندییان بە کارەوە هەیە. هەندێک جار مرۆڤ لە دوای کارەساتێکی ناخۆش، مەرگی کەسێک، یا بەسەرهاتی ناخۆشی جەنگدا تووشی کێشەی دەروونی دەبێت. هەندێک کەس بەهۆی هۆکاری بۆماوەیی زیاتر دووچاری کێشە دەروونییەکان دەبن. وە لەوانەیە گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ ببنە هۆکار بۆ گەشەسەندنی ئەم جۆرە نەخۆشییانە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا تێڕوانینی خەڵک لەبارەی تەندروستیی دەروونی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆ زۆربەی خەڵکی نەرویج تێگەیشتنێکی ڕوونیان بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان هەیە. زۆرینەی خەڵکی باوەڕیان وایە ئەو کەسانە کە تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن، دەبێت هەر وەکوو ئەوانەی نەخۆشی جەستەییان هەیە چارەسەر بکرێن و لەلایەن دەزگاکانی چاودێری تەندروستی یارمەتی بدرێن. جگە لەمەش خەڵک باوەڕیان هەیە کە دەشێت نەخۆشییە دەروونییەکان چارەسەر بکرێن و مرۆڤ چاک بێتەوە.

پرۆسەی کۆچکردن

زۆربەی خەڵک کە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتێکی تر، تووشی حاڵەتێک دەبن کە پێی دەڵێین لایەنی دەروونی پرۆسەی کۆچکردن: لەسەرەتادا ژیان بەباشی گوزەردەکات، و کەسی کۆچەر ڕوانینێکی پۆزەتیڤانەی بەرامبەر وڵاتە تازەکە هەیە. بەڵام دوای ماوەیەک، زۆر کەس هەست بە خەمۆکی دەکەن و بیروڕای نێگەتیڤیان بەرامبەر وڵاتە نوێیەکە لەلا دروست دەبێت. دواتر ژیانی زۆربەی ئەو کەسانە هێدی هێدی سەقامگیر دەبێت.