ڕێکخراوەکان و بەشداریکردن
ڕێکخراو لە ژیانی کاردا
- هەریەک لە کرێکاران و خاوەنکاران ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان هەیە. گەورەترین ڕێکخراوی کرێکارەکان ناوی (LO)ـوە، وە گەورەترین ڕێکخراوی خاوەنکارەکان ناوی (NHO)ـوە. ئیش و کاری ڕێکخراوەکان بۆ نموونە وتووێژکردنە لە سەر مووچە و کاتی کارکردن.
- کاتێک کرێکاران و خاوەنکاران لەسەر شتێکی لەم بابەتە هاوڕادەبن، ئەوا ڕێکەوتنامەیەک دەکەن. ئەم ڕێکەوتننامانەش عادەتەن بۆ دوو ساڵن و پێیان دەڵێن ڕێکەوتنی دەستەجەمعییانە یان پێکەوەییانە (tariffavtaler). هەریەک لە کرێکاران و خاوەنکاران ئەرکی پابەند بوون بە ڕێکەوتننامەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ.
- بە ڕێکخراوە مەدەنیەکانی کرێکاران دەڵێین سەندیکا، و لە نەرویج ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران ئەندامی ئەم جۆرە سەندیکایەنەن.
- ئەندامەکان بۆ ئەوەی لە گەڵ سەندیکایەک بن دەبێت بڕە پارەیەکی دیاریکراو بدەن.
بەشداری و هاوکاریکردن لە ژیانی کاردا
بۆ ئەوەی کەش و ژینگەیەکی باش لە شوێنی کارکردن بڕەخسێت پێویستە خاوەنکار و کرێکارەکان لەسەر ڕێکەوتننامە جیاجیاکان هاوکاریی یەکتری بکەن. بۆیە لە ژیانی کار لە نەرویجدا بە شێوەی زۆر و جیاجیا ئاسانکاری کراوە بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان و چەسپاندنی دیموکراتیەت لە شوێنی کاردا. دەبێت گوێ بۆ هەر کرێکارێک ڕابگیرێت و ڕۆڵی لە ئاسانکاری و گونجاندنی بارودۆخی کارەکەی خۆی هەبێت. لە ڕێگای سەندیکاوە کارمەندان بەشداری لە گفتوگۆکان دەکەن و زانیاری لە سەر ئیش و کارەکە وەردەگرن.
کۆمپانیا گەورەکان پابەندکراون بە دابینکردنی تەندروستی-، ژینگە- و سەلامەتی (بە نەرویجی ناسراوە بە HMS) لە شوێنی کار. ئەم کارەش لەلایەن نوێنەرێک لە کارمەندان وە نوێنەرێک لە دەستەی بەڕێوەبەرانی کارەوە ڕێکدەخرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.