دامەزران

گەڕان بۆ کار

هەرچەندە ڕێژەی بێکاری لە نەرویج نزمە، بەڵام لەوانەیە کێبڕکێیەکی گەورە لەسەر ئەو کارە بەتاڵانە هەبێت کە دەخرێنە ڕوو. ئەوەی بیەوێت کاری هەبێت، دەبێت خۆی چالاک بێت. گرنگە کە سوود لە پەیوەندییەکانت لە گەڵ هاوڕێ و کەسانی نزیکت وەربگریت وە پێیان ڕابگەینیت کە تۆ ئارەزووی کارکردن دەکەیت و بە دوای کاردا دەگەرێیت. ژمارەیەکی زۆر هەلی کار لە ئینتەرنێت یان ڕۆژنامەکان بڵاو دەکرێنەوە.

کاتێک کەسێک کارێک دەدۆزێتەوە کە حەزی لێیەتی، دەبێت کەسەکە داوانامە (søknad) بنووسێت وە زانیاری کەسی سی ڤی (CV) پێشکەش بکات. سی ڤی ئەوە دەردەخات کە تۆ کێیت، چ خوێندنێکت تەواو کردووە وە پێشتر چ کارێکت کردووە. بۆ ئەوەی داوانامەیەکی باش ئامادە بکەیت پێوستە لەکاتی نووسینیدا پەلە نەکەیت و بە جوانی بینووسیت، بەم شێوەیە لەوانەیە لە لایەن خاوەنکارەکەوە بۆ چاوپێکەوتن بانگهێشت بکرێیت.

پێش ئەوەی مرۆڤ بچێت بۆ چاوپێکەوتنی کار دەبێت خۆی بە باشی ئامادە بکات. پێویستە کە زانیاری لەسەر کار و شوێنی کارەکە پەیدا بکات. لەوانەیە مرۆڤ بتوانێت زانیاری لەسەر شوێنی کارەکە لە ئینتەرنێت بخوێنێتەوە، یان پرسیار لە کەسێک بکات کە زانیاری لەبارەیەوە هەبێت.

هەروەها مرۆڤ دەبێت بیر لەو وەڵامانەش بکاتەوە بۆ ئەو پرسیارە جۆراوجۆرانەی لێی دەکرێت. ئایا خاوەن کارەکە دەربارەی چی پرسیار دەکات؟ دەبێت چ وەڵامێک بدرێتەوە؟

ڕاستیەکان

داخوازنامەی کار

داخوازنامەی کار ئەم زانیارییانەی تێدایە:

  • ناساندنی کەسایەتی خۆت و کار یان چالاکیەکانی ئێستا
  • پوختەیەک لە پێشینەی ئیش و کاری خۆت
  • ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی بۆ ئەم پۆستە/کارە شیاویت

ئاساییە کە مرۆڤ بە شێوەی ئێلکترۆنیکی لە ڕێگەی ماڵپەرەکان یان بە ئیمەیل داخوازنامە پێشکەش بکات بۆ کار.

ڕێزوومە (سی.ڤی)

ڕێزوومە یان سی.ڤی پوختەیەکی نووسراوە لەبارەی ئاستی خوێندەواری و تەجروبەی کاریی تۆ. پێویستە ڕێزوومە ئەم زانیارییانەی تێدا بێت:

  • زانیاریی شەخسی
  • شارەزاییە سەرەکییەکان
  • ئاستی خوێندەواری
  • تەجروبەی پیشەیی
  • زانیارییە پەیوەندیدارەکان لەبارەی خۆت
  • پشتیوان (ڕێفڕێنس)

خاڵی گرنگەکانی دیمانەی کاری

  • لە کاتی دیاریکراو بچۆ بۆ دیمانە. پێش ئەوە بزانە کۆمپانیاکە لە کوێیە و چۆن دەچی بۆ ئەوێ.
  • جلوبەرگی باش لەبەر بکە و بیر لەو کاریگەرییە بکەوە کە دەتەوێ لەسەر لایەنی بەرانبەر دایبنی.
  • دەستلێدانەوەی گەرم و سەیری ناوچاوکردن زۆر گرنگە.
  • پۆەزتیڤ بە، دەم بە پێکەنین بە و هەوڵ بدە زۆرترین دانوستانی مومکین لەگەڵ ئەو کەسە بکەی کە لەگەڵت دیمانە دەکات.