پەروەردە و فێربوون

خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی

قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی (پۆلی ١ تا ٧) قوتابیانی قۆناغی ناوەندی (پۆلی  ٨ تا ١٠)

هەندێک زانیاری دەربارەی قوتابخانەی بنەڕەتی

  • هەموو منداڵان مافیان هەیە دە ساڵ لە قوتابخانەی بنەڕەتی (پۆلی ١ تا ١٠) بخوێنن. ئەو ساڵەی کە منداڵان تەمەنی شەش ساڵی پڕدەکەنەوە دەچنە پۆلی یەک.
  • هەموو منداڵان مافیان هەیە کە فێرکردنی گونجاو لەگەڵ توانایان بۆ دابین بکرێت و هەروەها دەبێت یارمەتی زیاتر بۆ ئەو قوتابییانە دابین بکرێت کە پێویستییان پێیەتی.
  • قوتابییان لە قۆناغی سەرەتایی هەڵسەنگاندنی زارەکی یان نووسینیان بۆ دەکرێت، بەڵام نمرە وەرناگرن.
  • قوتابییانی قۆناغی ناوەندی لە هەموو وانەکاندا نمرە وەردەگرن. نمرەکانیش لە ١-٦ (یەک تا شەش)ن. لەم پێوەرەدا یەک (١) خراپترین و شەش (٦) باشترین نمرەیە.
  • هەموو ئەو منداڵانەی لە قوتابخانەی بنەرەتی دەخوێنن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دوای پشووی هاوین دەچنە پۆلێکی بەرزتر. ئەمە بێ گوێدان بە ئەنجامی هەڵسەنگاندن و ئاستی منداڵەکە. هیچ منداڵێک دوو ساڵ لە پۆلێکدا نامێنێتەوە.
  • قوتابخانەی بنەڕەتی لە هەموو شوێنەکانی وڵات بە یەک شێوە بەڕێوە دەچن. بۆ نموونە، لە ساڵێکدا هەمووان ١٩٠ ڕۆژ دەچن بۆ قوتابخانە، بەڵام سیاسەتمەدارانی هەر شارەوانییەک بڕیار لە سەر دیاریکردنی کاتەکانی پشووی ساڵانە و بۆنەکان دەدەن.
  • هەموو قوتابییان بەپێی هەمان بەرنامەی فێرکردن دەخوێنن و وانەیان پێدەگوترێتەوە. سیاسەتمەداران لە پەڕلەمان بەرنامەکانی خوێندن و فێرکردن پەسەند دەکەن. منداڵان لە هەر شارەوانییەک بژین ئەو خوێندن و وانانەی پێیان دەگوترێت زۆر لەیەکتری دەچن.
  • لە پاڵ قوتابخانە بنەڕەتییە حکومیەکان هاوکات قوتابخانەی ئەهلی/ پریڤاتیش هەن. نزیکەی دوو و نیو لە سەد (٢،٥٪)ی منداڵانی نەرویج دەچنە قوتابخانەی ئەهلی.

قوتابخانەی هاوبەش (واتە قوتابخانە بۆ هەمووان)

بەپێی یاسای فێرکردن، هەموو منداڵێک بێ لەبەرچاوگرتنی توانا یان گرفتەکانی فێربوون، مافی هەیە لە قوتابخانەی خۆی وانەی فێرکردنی گونجاو لەگەڵ توانای بۆ دابین بکرێت. ئەم پرەنسیپە سیاسییە بە قوتابخانەی هاوبەش ناسراوە.

دابیکردنی دارایی قوتابخانەی بنەڕەتی

قوتابخانەی بنەڕەتی بۆ قوتابی و دایک و باوکەکان بەخۆڕاییە. قوتابییەکان کتێبی خوێندن لە قوتابخانە قەرز دەکەن، و دەفتەر، قەڵەم و پێداویستی تری هاوشێوە وەردەگرن.

دەزگا فەرمییەکان پارەی هەموو خەرجییەکان دابین دەکەن. بەشی زۆری خەرجییەکان بریتین لە مووچەی مامۆستایان و خەرجی بینا و بەڕێوەبردنی قوتابخانە.

لە قوتابخانە ئەهلییەکان خێزانەکان پارەی قوتابخانە دەدەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان تەنها ڕێژەیەکی دیاریکراو (بەشە پارەی خۆیی دەدەن، وە حکومەت باقی پارەکە دەدات.

قوتابخانەی بنەڕەتی

ڕاستیەکان

سیستمی پێش و پاش خوێندن لە قوتابخانە (SFO) یان قوتابخانەی چالاکیی (AKS)

لە هەموو شارەوانییەکان جگە لە ئۆسلۆ ئەم خزمەتگوزارییە ناوی(SFO) ـە. لە ئۆسلۆ ئەم خزمەتگوزارییە ناوی(AKS) ـە

هەموو شارەوانییەکان خزمەتگوزاری(SFO) یان(AKS) ـیان بۆ قوتابیانی پۆلی یەک تا چوار هەیە.

SFO/AKS خزمەتێکی ئارەزوومەندانەیە بۆ ئەو خێزانانەی پێوستییان بە یارمەتییە بۆ چاودێری منداڵەکانیان لە پێش و لە پاش دەوامی قوتابخانە، بۆ نموونە بەهۆی ئەوەی دایک و باوکەکە لە لەماڵ نین و لە کارن. ئەمەش خزمەتێکی فێرکاری و پەروەردەناسییانە نییە، بەڵام زۆربەی کات منداڵان لێرە دەتوانن یارمەتی بۆ ئەرکەکانی خوێندنی ماڵەوە وەربگرن.

ناردنی منداڵ بۆ SFO/AKS بەخۆڕایی نییە. هەموو مانگێک دایک و باوکان بەشە پارەی خۆیی دەدەن، بەڵام بەشەکەی تری نرخە ڕاسەقینەکەی جێگاکە حکومەت دەیدات. بەشە پارەی خۆیی لە شارەوانییەک بۆ شارەوانییەکی تر جیاوازە.
لە هەندێک لە شارەوانییەکان، ئەو خێزانانەی کە داهاتیان کەمە، دەتوانن داوای کەمکردنەوەی بڕەپارەی مانگانە بکەن، بەڵام لە هەندێک شارەوانی تر هەموو دایک و باوکان دەبێت هەمان بڕەپارە بدەن، بەبێ ڕەچاوکردنی داهاتی خێزانەکە. هەندێک شارەوانی داشکاندن دەکەن ئەگەر کەسێک چەند منداڵێکی لە SFO/AKS هەبێت، هەندێکی تر نایکەن.

دیسپلین (زەبت و ڕەبت)

مامۆستا مافی نییە هیچ شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژی دژی قوتابیان بەکار بهێنێت. دیسپلین دەبێت بەشێوەیەک بێت کە گونجاو بێت لەگەڵ بەهای مرۆڤانەی منداڵدا. مامۆستایان دەبێت ڕێز لە منداڵان بگرن و منداڵانیش دەبێت ڕێز لە مامۆستان بگرن.

.