بەها بنەڕەتییەکانی قوتابخانە
یەکسانی و هاوبەهایی، و ئازادی تاکە کەس بۆ بڕیاردان لە ژیانی خۆی لە گرنگترین بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی نەرویجین. ئەم بەهایانە لەقوتابخانەشدا گرنگن.
دەبێت لە ڕێگەی وانەکان و چالاکییەکانی قوتابخانە قوتابییان فێربکرێن کە هەموو مرۆڤەکان هەمان بەهایان هەیە. پێویستە قوتابییان ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت لە سەر ژیانی ڕۆژانەیان لە قوتابخانەدا، وە دەبێت هەر لە سەرەتاوە فێربکرێن کە خۆیان بەرپرسیاریەتی فێربوون هەڵبگرن و ئەرکی خۆیان جێبەجی بکەن. قوتابخانەش بەرپرسە لە پێشکەشکردنی وانەی گونجاو بۆ هەر قوتابییەک، واتە هەر قوتابییەک دەبێت بە گوێرەی ئاست و توانای خۆی وانەکانی بۆ ئامادە بکرێت.
وەک ئامانجێک دەبێت قوتابخانە قوتابییان فێربکات کە مرۆڤێکی سەربەخۆ و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و وانەکانی قوتابخانەدا توانایەکی باشیان هەبێت.
لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی مۆدێرندا چاوەڕوان دەکرێت دانیشتووان زانیاری و بیروڕای سەربەخۆیان هەبێت، وە چالاکانە لە ژیانی کار و کۆمەڵایەتیدا بەشداربن. دەبێت قوتابخانە زانیاریی گشتی پێوست بە منداڵان بدەن. واتە پێویستە منداڵان فێری گەلێک بابەتی جۆراوجۆر بکرێن. دەبێت فێری زمان و ماتماتیک بن و زانیاری لەبارەی کۆمەڵگە و سروشتی دەوروبەریان فیربن.
سەرەڕای پێدانی زانیارییە بنەڕەتییە گرنگەکان، قوتابخانە گەلێک ئەرکی تریشی هەیە، بۆ نموونە دەبێت منداڵ فێری:
- گەڕان بەدوای زانیاری و هەڵسەنگاندنی ئەو زانیارییانە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە.
- لەسەر بنەمای زانیاری و هەڵسەنگاندنەکانی خۆی دەبێت بیروبۆچوونەکانی بونیاد بنێت.
- ئارگومێنتهێنانەوە بۆ سەلماندنی بیروبۆچوونەکانی.
ئامانج لە فێرکردن ( یاسای فێرکردن)
- فێرکردن لە قوتابخانە و شوێنەکانی فێربوون دەبێت، بە لەیەک تێگەیشتن و هاوکاری لەگەڵ ماڵەوە، دەرگاکانی جیهان و ئایندە بەڕووی خوێندکاران بکەنەوە، وە زانیاری مێژوویی و کولتوری بە خوێندکاران بدەن.
- دەبێت پەروەردە و فێرکردن لەسەر بەها بنەڕەتییەکانی میرات و نەریتەکانی ئاینی کریستیان و بەها مرۆڤایەتییەکانی، وەکوو ڕێزگرتن لە بەهای مرۆڤ و سروشت، ئازادی بیروڕا، خۆشەویستی، لێبوردن، هاوبەهایی و سۆلیداریتێت، ئەو بەهایانەی کە لە ئاین و بیروباوەڕە هیومانیستییەکاندا باسیان لێ کراوە و لە مافەکانی مرۆڤدا جێگیرکراون بونیات بنرێت و دابڕێژرێت.
- دەبێت پەروەردە و فێرکردن کۆمەک و پاڵپشتی بکات لە فراوانکردنی ئاستی زانیاری و تێگەیشتن لە میراتی کولتوری نەتەوەیی و نەریتە هاوبەشەکانمان لە گەڵ کولتوریی نێونەتەوەییدا.
- دەبێت پەروەردە و فێرکردن قوتابییان ئاشنا بکات بە هەمەجۆریی کولتوری و نیشاندانی ڕێز لە بڕوا و تێگەیشتنی کەسانی تر. وە کۆمەک و پاڵپشتی بکات لە پێشخستنی دیموکراتی، یەکسانی و شێوازی بیرکردنەوەی زانستییانە.
- بۆ ئەوەی قوتابی و شاگردە فێرخوازەکان (lærlinger) لێزان و کارامە بن لە ژیاندا، وە بتوانن بەشداری لە کارکردن و کاری هاوبەش لە کۆمەڵگەدا بکەن، دەبێت ئەوان کارامە بن و پەرە بدەن بە زانست و پسپۆری و هەڵوێستەکانیان. وە دەبێت حەزی کارکردن بۆ بەشداریکردن لە لێکۆلینەوە و داهێنان لەلای ئەوان گەشە بکات.
- دەبێت قوتابی و شاگردە فێرخوازەکان(lærlinger) فێربن ڕەخنەگرانە بیر بکەنەوە، وە لەسەر بنەمای بەها ئەخلاقییەکان و پاراستنی ژینگە کاربکەن. دەبێت ئەوان مافی بەرپرسیاریەتی و کاریگەریبوونیان لەسەر ڕوداوەکان هەبێت.
- دەبێت قوتابخانە و شوێنەکانی فێربوون لە سەر بنەمای متمانە و ڕێزگرتن پێشوازی لە قوتابی و شاگردە فێرخوازەکان بکەن. لەهەمان کاتدا دەبێت چاوەڕوانییان هەبێت و داواکاری و مەرجیان هەبێت کە بۆ ئەوەی ئارەزوکرنی فێربوون و خوێندن زیاد بکات. دەبێت کار بکرێت لە دژی هەموو شێوەکانی جیاکاریکردن لە مامەڵەکردندا.