خوێندنی گەورەساڵان
کۆمەڵگە بەردەوام لە گۆڕاندایە. بەردەوام تەکنەلۆژیای نوێی دێت، وە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژیانی کار دەبێت. ئەمەش پێوست دەکات کە کرێکاران تواناکانی خۆیان نوێبکەنەوە و کارامەیی و شارەزایی نوێ پەیدا بکەن.
گەورە ساڵان دەتوانن دەست بە خوێندنێکی نوێ بکەن، دەتوانن درێژە بەخوێندنی پێشوویان بدەن یان قۆناغی بنەڕەتی تەواو بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ داخوازییەکانی ڕۆژانەی کاردا بڕۆن.
زۆرێک لە دامەزراوەکان کۆرسی جیاواز بۆ گەورەساڵان دابین دەکەن. ئەمەش بۆ نموونە لەوانەیە کۆرسی ئارەزوو، کۆرسی زمان و کۆرسی ئامادەکردن بۆ کارێکی پیشەیی بێت. زۆر جار دەوڵەت بەشێک لە خەرجییەکانی ئەم کۆرسانە دابین دەکات.
شارەوانیی بەرپرسە لە دابینکردنی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی، وە پارێزگەش بەرپرسە لە دابینکردنی خوێندنی ئامادەیی بۆ گەورەساڵان. ئەو گەورە ساڵانەی کە مافیان هەیە خوێندنی بنەڕەتی یان خوێندنی ئامادەیی تەواوبکەن دەتوانن بەبێ بەرامبەر خوێندنەکەیان تەواو بکەن. هەروەها گەلێک قوتابخانەی ئەهلیش هەن کە خوێندنی ئامادەیی بۆ گەورەساڵان دابین دەکەن.
دەشێت داواکارانی کار کۆرسی جۆراوجۆر لە ڕێگای فەرمانگەی ناڤەوە وەربگرن. ئامانجیش ئەوەیە کە بەشداربووانی کۆرسەکە بۆ کارکردن شارەزا و شیاو بکەن. ناڤ پارەی مەسرەفاکان دەدات، وە زۆر جار پارەی کۆرسیش دەداتە بە شداربووانی ئەم جۆرە کۆرسانە.