کار بۆ هەمووان!

کار بۆ هەمووان!

ئامانج ئەوەیە کە تا بکرێت زۆرترین کەس کار بکەن. لە نەرویج ڕێژەی بێکاری تا ڕادەیەک نزمە. تۆ دەتوانیت زیاتر دەربارەی بێکاری لە لاپەڕەی ئینتەرنێتی دەزگای ناوەندی ئامار (Statistik sentralbyrå) بخوێنیتەوە:

حکومەتی نەرویج ساڵانە سامان و سەرچاوەیەکی زۆر بۆ بڕیار و پلانی کار بەکاردەهێنێت لەپێناو پەیداکردن یان پاراستنی شوێنی کار. ئەمەش هەندێک نموونەن لەم بڕیار و پلانی کارانە:

  • حکومەت دەتوانێت بۆ ماوەیەک هاوکاری ماددی بدات بەو کۆمپانیایانەی کە لە بارودۆخی سەختدان. بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە ناچار بە داخستن نەبێت یاخود ژمارەی کارمەندەکانیان کەم بکەنەوە.
  • دەسەڵاتداران دەتوانن کاریگەری لەسەر داهاتی خەڵک دابنێن ئەویش لە ڕێگەی دانوستانەکانی مووچە و سیاسەتی سووی قەرز (فائیدە).
  • حکومەت دەتوانێت باج و ڕسووماتی سەر کۆمپانیاکان کەم بکاتەوە.
  • دەزگا فەرمیەکان دەتوانن کاریگەری لەسەر دامەزراندن وخستنەسەرکار لە دەزگا حکومییەکان بکەن ئەویش بەوەی کە ژمارەیەکی زۆرتر یان کەمتر خەڵک دابمەزرێنن. لە ئێستادا نزیکەی ٧٥٠٠٠٠ (حەوت سەد و پەنجاهەزار) کەس لەم بوارانەدا کاردەکەن.
  • دەشێت کاتی کارکردن کەم بکرێتەوە یان تەمەنی خانەنشینی کەم بکرێتەوە.

ناڤ (بەڕێوەبەرایەتی نوێی کار و خۆشگوزەرانی)NAV
حکومەت لە ڕێگای ناڤەوە پارەیەکی زۆر بۆ کۆرسی جۆراوجۆر لە بواری بازاڕی کاردا سەرفدەکات. مەبەست لەم کۆرسانە ئەوەیە کە بەشداربووان ساز و ئامادە بکات بۆ کارکردن. جگە لەوە کاتێک بەشداربووان دەچن بۆ ئەم جۆرە کۆرسانە بیمەی بێکاری (dagpenger) یان پشتگیریی تایبەت وەردەگرن. ناڤ دەتوانێت وەکو هاوکاری بەشێک لە مووچەبدات (lønnstilskudd). واتە ناڤ خەرجییەکانی مووچە بەهاوبەشی لەگەڵ خاوەنکارەکە بۆ ماوەیەک دابین دەکات، ئەمە لە حاڵەتێکدا ئەگەر کەسی داواکاری کارەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی یان کاتی دابمەزرێنرێت.

ناڤ لەگەڵ گەلێک لە خاوەنکاران سەبارەت بە ڕێکەوتنێک هاوکاری دەکات کە تایبەتە بە ژیانێکی کاری کۆکەرەوە و گرتنەخۆی هەمووان کە پێی دەڵێن (IA-avtalen). هەندێک لە بیرۆکەی پشت ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەوەیە کە

  • خاوەنکار و دەزگا فەرمی و حکومییەکان کارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەوکەسانە بکەن کە مۆڵەتی درێژخایەنی نەخۆشییان هەیە بەشێوەیەک کە بە زوویی بگەڕێنەوە بۆ سەر کار.
  • خاوەنکار و دەزگا فەرمییەکان و حکومییەکان دەبێت ئاسانکاری بکەن بۆئەوەی کەمئەندامان بەشێوەیەکی ئاسانتر بکەونە سەر کارکردن.
  • کرێکارانی بەتەمەن بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بن لە کارکردن

هەموو پەنابەرە تازەهاتووەکان بۆ نەرویج دەرفەتی بەشداریکردن لە پرۆگرامی ئامادەکردن (introduksjonsprogram)ـیان لەو شارەوانییەی کە لێی دەژین بۆ دابین دەکرێت. ئەوانەی بەشداری لە پرۆگرامی ئامادەکردن دەکەن، بە خۆڕایی کۆرسی فێربوونی زمانی نەرویجی و زانیاری کۆمەڵایەتی وەردەگرن. گەلێک لەوانەش لە ماوەی پڕۆگرامەگەکەدا دەچن بۆ پراکتیزەکردنی زمان (språkpraksis) یان پراکتیزەکردنی کار(arbeidspraksis ) لە کۆمپانیا جیاجیاکاندا. مەبەست لە پرۆگرامی ئامادەکردن ئەوەیە کە بەشداربووان شارەزایی و لێهاتووی پەیدا بکەن بۆ ئەوەی بتوانن دەست بەکارکردن یان خوێندن بکەن. پڕۆگرامی ئامادەکردن بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێت ڕۆژانە دەوامی تەواو بکرێت و تا دووساڵ بەردەوام دەبێت، و بەشداربووان لەبەرامبەردا هاوکاریی دارایی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆگرامی ئامادەکردن وەردەگرن.

ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە کار دابڕاون، و ڕاهاتوون بەوەی یارمەتی دارایی لە سۆسیال وەربگرن، دەتوانن لە ڕێگەی ناڤەوە بەشداری لە پڕۆگرامێکی فێرکردن و شیاندندا بکەن. پڕۆگرامەکە دەبێت بۆ هەر بەشداربوویەک بەرنامەی فێرکردن و ڕاهێنانی کاری گونجاو دابین بکات. پرۆگرامی فێرکردن و شیاندن لە حاڵەتی ئاساییدا بۆ ماوەی یەک ساڵە بە دەوامی ڕۆژانەی تەواوەوە، وە بەشداربووەکان پشتگیرییان دەکرێت لە بەشداربووندا.

کۆمپانیاکان دەتوانن یارمەتی دارایی وەربگرن بۆ ئەوەی کۆرس بۆ ئەو کارمەندانە بکەنەوە کە پێویستی زیاتریان بە فێربوونی خوێندنەوە، نووسین، هەژمارکردن، قسەکردنی زارەکی، داتا-IKT، و زمانی نەرویجی یان سامی هەیە. بەم شێوەیە کارمەندان دەتوانن شارەزا و شیاو بن بۆ ئەوەی لەکارەکەیاندا بمێننەوە یان داوای کاری تر بکەن.